سلێمانی.. لێشاوێک لە داگیرکردن و فرۆشتن و دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە

زەوی تەرخانکراو بۆ سەوزایی و قوتابخانە و مزگەوت دەفرۆشرێت

K24 – ھەولێر

لە پاڵ کەیسی سوتانی دار سنەوبەرەکانی سەر ڕێگای تاسڵوجە سلێمانی، کوردستان24 بەدواداچون بۆ کەیسێکی دیکەی گەندەڵی لە پارێزگای سلێمانی كرد، بەپێی زانیاريیەکان ئێستا بەشێک لە کەسانی دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدار لە سلێمانی دەستیانداوەتە داگیرکردن و دابەشکردن و فرۆشتنی زەوی. بەشێکیش لەو زەویانە تەرخان کراون بۆ سەوزایی گەڕەکەکان و قوتابخانە و مزگەوت.

ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان گوتی: بەدەر لەمانە بەشێک لە زەویيەکانی سلێمانی بە بێ موزایەدەی ئاشکرا فرۆشراون بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو کە دۆنمێکی بە دوو ملیۆن و نیو دینار دراوە لە کاتێکدا نرخی ڕاستەقینەی ئەم زەویانە نزیک دەبێتەوە لە 40 ملیۆن دینار، ئەم كارەش تەواو نایاساییە.

بەشێک لەو زەویانە بە دەغڵ و دانەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت و نەخشەی بازرگانی بۆ دەکێشرێت.

زیاد ڕەزا،  ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: بەشێک لەو زەویانە بە ناوی دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدانەوە دابەشکراون و کەسانێک لێیان سوودمەند بوون، کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعشەوە نیە.

بە پێی زانیاريیەکانی کوردستان24 بەشێک لەو زەویانە کەوتونەتە گەڕەکی ئاوبارە، ڕێگای تاسڵوجە، پشتی گۆڕستانی عەواڵ، تەنیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی و کانی گۆمە تا تانجەڕۆ لەگەڵ بەشێک لە زەوییەکانی تەنیشت شەقامی سەد مەتری سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە، کە بە نایاسایی چەند کەسێک ھەوڵی داگیرکردنی دەدەن.

Fly Erbil Advertisment