کۆمیسیۆن: زیاتر لە 810 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوق تۆمار کردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 810 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە پێی نوێترین ئامار، تا ئێستا 810 هەزار و 311 کەس، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ناوی خۆیان بۆ کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە.
کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند: زۆرینەی ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار کردووە وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن.
هاوکات باسی لەوە کرد، زۆرترین کەس لە پارێزگای نەینەوا خۆیان تۆمار کردووە کە ژمارەیان 80 هەزار و 117 کەسە و کەمترین کەسیش لە پارێزگای موسەننایە، ژمارەکەش 16 هەزار و 862 کەسە.
بە پێی نوێترینی ئاماری کۆمیسیۆن، لە هەرێمی کوردستانیش 115 هەزار و 631 کەس ناوی خۆیان وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تۆمار کردووە، لەو ژمارەیەش 42 هەزار و 238 کەس خەڵکی سلێمانین، 41 هەزار و 903 کەسیش خەڵکی هەولێرن، هەروەها 31 هەزار و 490 کەسیش خەڵکی دهۆکن.
هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق، هەر ئەمڕۆ، وادهی پێشكهشكردنی بۆ بوون به فهرمانبهری ڕۆژی دهنگدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق تاوهكوو 5ـی ئاب درێژ كردەوە.
کۆمیسیۆن، باسی لەوە کرد، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە داواکاری بۆ مەبەستی بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، پێشکەش بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.