عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و جینۆساید زەوییان پێ دەدرێت

وەزیری شەهیدان و ئەنفاڵکراوان ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی عێراق تاوەکوو ئێستا قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفاڵ و زیندانیکراوانی نەکردووە، لەڕووی یاساییەوە هەموو ڕێوشوێنێکمان گرتووەتەبەر.

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەڕووی یاساییەوە هەموو ڕێوشوێنێکمان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید گرتووەبەر، حکوومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری ئەوەی قەرەبووی کەسو کاری ئەنفالکراوان بکاتەوە، هەرچەندە لە دادگا و پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە.

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود گوتی: زەرەر و زیانەکانی جینۆساید خەمڵێندراون و بە ئاماری دروستەوە بە حکوومەتی عێراق دراون، ژمارەی قوربانییان زیاتر لە 215 هەزار کەسە جگە لە کەمئەندامان، هەروەها دەربارەی پێدانی زەوی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، وەزیری شەهیدان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم کەسو کاری ئەنفال و شەهیدان و زیندانییانی سیاسی زەویان پێدەدرێت، هەرکەسێکیش ناوی نەبێت لە ئاماری وەزارەتی شەهیدان دەتوانیت پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکات و گرفتەکەی بۆ چارەسەر بکات و هیچ کاتێک ئەنجوومەنی وەزیران داواکاری ئێمەی ڕەتنەکردووتەوە بۆ پێدانی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بە کەس و کاری قوربانییان.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment