سمۆتریچ داوای دامەزراندنی ڕێڕەوێک لە نێوان ئیسرائیل و سوەیدا دەکات

بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوای دامەزرانی دەستبەجێی دامەزراوەیەکی ڕێڕەو لە نێوان ئیسرائیل و پارێزگای سوەیدای سووریادا کرد، بە بیانووی ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییەکان بۆ درووزەکان و ئامادەکاری سەربازی بۆ بەرگریکردن لێیان.
سمۆتریچ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ دۆخی سوەیدا زۆر سەختە، بەو پێیەی ئاگربەستی ئێستا فۆرمێکی فریودەرانەی ئارامگرتن بۆ گەمارۆدانی درووزەکان لە قەڵەم دەدات.
جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی درووزەکانی سوەیدای سووریا و دۆخی سەختی مرۆیی ناوچەکە، ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلم ڕاسپارد هاوکاری مرۆیی بەپەلە بنێرن".
ساعر دەشڵێت: "پاکێجی هاوکارییەکانی ئێستا بەهای 2 ملیۆن شیکڵە، پارسێلی خۆراک، کەرەستەی پزیشکی، کەرەستەی فریاگوزاری سەرەتایی و دەرمان لەخۆدەگرێت و بۆ ئەو ناوچانەیە کە ڕاستەوخۆ بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە".
گوتیشی: ئەمە دووەم پاکێجی یارمەتییە وەزارەتی دەرەوە بە سەرکردایەتی من بۆ درووزەکان لە سووریا ناردووە، ئەمەش دوای ئەو پاکێجەی هاوکارییەی مانگی ڕابردوو، لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا ناردووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دادی سووریا پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، بە ئامانجی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرش و پێشێلکارییەکان. بڕیارە لەماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت لیژنەکە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکەش بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سووریا، ئەرکەکانی لیژنەکە بریتین لە " ئاشکراکردنی ئەو هەلومەرجەی بووەتە هۆی ڕوودانی ڕووداوەکانی سوەیدا و لێکۆڵینەوە لە هێرش و پێشێلکارییەکانی دژی هاووڵاتیان و ڕەوانەکردنی ئەوانەی کە سەلمێنراوە بەشدارییان تێدا کردووە بۆ دەزگای دادوەری".
لە 13ی تەمموزەوە، پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی درووزەکانە، شەڕو پێکدادانی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە نێوان چەکدارانی بەدەوی و چەکدارانی درووزدا سەریهەڵدا. ئەم پێکدادانانە بە دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی خێڵەکی بەدەوییەکان فراوانتر بوون.
لە پێکدادانەکاندا زیاتر لە هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان درووز بوون، بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێش ئەوەی ئاگربەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.