باخچەلی پێشنیاز دەکات کوردێک و عەلەوییەک ببنە جێگری ئەردۆغان

دەوڵەت باخچەلی
دەوڵەت باخچەلی

سەرۆکی مەهەپە(دەوڵەت باخچەلی) لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نوێدا پێشنیازی کردبوو کە، جێگرێکی سەرۆک کۆماری تورکیا کورد بێت و جێگرێكی دیکەش عەلەوی بێت، تەواوی پێشنیازەکانی باخچەلی لە پرۆسەی ئاشتیدا جێبەجێکراون، تا ئێستاش ڕوون نییە ئەو پێشنیازەشی جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.

ئەکادیمستەکانی تورکیا لەبارەی پێشنیازیی نوێی باخچەلیدا دەڵێن: ئەو پێشنیازە ناتوانێت پرسی کورد لە تورکیا چارە بکات، پێویستە بۆ چارەسەری، مافی کورد لەو وڵاتە دەستەبەر بکرێت.

عەزیز یاگان، ئەکادیمیستی تورکیا دەڵێت: ئەو بیرۆکەیە لە لوبنانیش ئەزموون کراوە، بە تێڕوانینی من ئەو بیرۆکەیە بۆ تورکیا دروست نییە چونکە ناتوانێت کێشەی کورد چارە بکات، هەنگاوێکی سیمبوڵییە لە پرۆسەی ئاشتیدا، چارەسەری پرسی کورد لە ناساندنی ناسنامەی کوردبووندا کە لەدەستووردا دەبێت، ئێمە پێمان وایە دەبێت فیدراڵی هەبێت، کورد لەسەر خاکی خۆیدا بەشێوەی فیدراڵی خۆی بەڕێوەببات.

سیاسەتمەدارانی کوردیش لەبارەی پێشنیازی باخچەلیدا دەڵێن:" پێشنیازێکی ئەرێنییە و نیشانەی قەبوڵکردنی پرسی کوردە، دەڵێن:" پێویستە پێشنیازە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ناکرێ تەنها بەشیوەی سیمبوڵی بێت.

ئەحمەد کایای سیاسەتمەداریش دەڵێت: تا ئێستا کێشە بۆ کورد و عەلەوییەکان لە تورکیا هەبووە، ساڵانێکە پێمان دەڵێن ئێمە هەموو وەک یەکین و جیاوازی لەنێوان کورد و تورک و عەلەویدا ناکرێت و هەمووان وەک یەکن، پێویستە ئەو جێگرانەی سەرۆک کۆمار سیمبوڵی نەبن، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕاستەقینە نوێنەرایەتی گەلی خۆیان بکەن.

سیاسەتمەداران پێیان وایە، پۆست بۆ ئەوان گرنگ نییە، بەڵکو ناساندنی ناسنامەی کورد لە دەستووری تورکیادا پرسی ئاشتی دەباتە پێش لە وڵاتەکەدا.