عراقچی: بەبێ قەرەبووی جەنگ، ناگەڕێینەوە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا
دوای هێرشی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن گرژی تێکەوت، تەواوی پەیامەکانی ئێران بە شاراوەیی و ئاشکرا ئەوەیە، وەک پێشی هێرشەکان ناچێتەوە سەر مێزی دانووستان لەگەڵ ئەمەریکادا، مەگەر تەنیا باجی سیاسی و ماددی ئەو هێرشە بدات کە کردیە سەر ئێران.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی ئاماژەن بۆ ئەوەی، گۆڕانکارییەکی تەواو لە دیپلۆماسییەتی دوای جەنگ هاتووەتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەی سزا نوێکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وای کردووە ئێران دەرگاکانی بەڕووی دیپلۆماسییەدا دابخات و هیچ نەرمییەک نیشان نەدات لەوەی ڕێککەوتنێک بەم نزیکانە بکرێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز دەڵێت: گۆڕینەوەی پەیامەکان لەگەڵ ویتکۆفی نێردەی ئەمەریکا بەردەوامە، بەڵام دووپاتی کردەوە، هیچ دانووستان و گفتوگۆیەک دەست پی ناکاتەوە تاکوو متمانە دروست دەکرێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە، قەرەبووکردنەوەی ئێران لەڕووی ماددیەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە دووچاری هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا گرەنتی ئەوەی جارێکی دیکە هێرشی لەم شێوەیە دووبارە نابێتەوە.
عراقچی دەڵێت: دەبێت ئەمەریکا چاوەڕێی ئەوە بکات کە دانووستان لەو خاڵە دەست پێ ناکاتەوە کە پێشتر لێی وەستا، بەڵکو دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە و لێکەوتەکانی جەنگ لەبەرچاو بگیرێت.