ئەفغانستان هاووڵاتییانی بۆ کارکردن دەنێرێتە قەتەڕ

لە کاتێکدا حکوومەتی ئێران بە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەیدا خەڵکی ئەفغانستان دیپۆرت دەکاتەوە، گەڕانەوەی لە ناوخۆی ئەفغانستانیش بووەتە هۆی قەیرانی بێکاری، بۆیە حکوومەتی تاڵیبان لەگەڵ حکوومەتی قەتەر پێکهاتوون لەبارەی ئەوەی سێ هەزار و 100 کەس  بە مەبەستی کارکردن بنێرێت بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە ناونووسینی کارخوازانی ئەفغان لە قەندەهار قەرەباڵغییەکی بەرچاوی لێ کەوتووەتەوە.

حکوومەتی ئێران بە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەیدا هاووڵاتییانی ئەفغان دەر دەکات، حکوومەتی قەتەر دەرگای هەلی کاری بە ڕوویاندا کردووەتەوە.  

محەمەد قاسمی، کە تەمەنی 37 ساڵە و خوێندنی زانکۆی لە بواری پەروەردەدا تەواو کردووە، چەند ساڵە بێکارە و ئێستا ناوی خۆی بۆ کاری پاککردنەوە لە قەتەر تۆمار کردووە، دەڵێت:" ناوی خۆمم بۆ کاری پاککردنەوە تۆمار کردووە، پێشتر سەرقاڵی خوێندنی زانکۆ بووم،ماوەی سێ چوار ساڵە دەر چووم، بەڵام هیچ کارێک نییە،بۆیە بێکار بووم. 

دەشڵێت: ئێستا کە ئەم ڕاگەیاندنە بڵاو کرایەوە، هاتوومەتە ئێرە ناوی خۆم تۆمار بکەم و بڕۆم بۆ ئەوێ، خۆ ئەگەر لە وڵاتی خۆم 10هەزاری دراوی ئەفغانی (144 دۆلار)م دەست بکەوێت و لەوێ 50 هەزاری دراوی ئەفغانی (720 دۆلار)م دەست بکەوێت، بەدڵنیاییەوە پەیداکردنی ئەو 10 هەزارە ئەفغانییەی ئێرە بۆ من باشترە لەو 50 هەزارەی ئەوێ.''

کارخوازێکی دیکەی ئەفغان داوا دەکات وڵاتانی ئیسلامیی دیکەش هەلی کار بۆ خەڵکی ئەفغانستان بڕەخسێنن. 

ئەمانوڵای کارخواز گوتی:" ئەمە بەرنامەیەکی زۆر باشە، پێویستە وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەک دوبەی، هەروەها وڵاتانی ئیسلامی وەک تورکیا، سعودیە، کوێت، لوبنان و بەحرەین، بەرنامەی هاوشێوە جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئەفغانە هەژار و بێکارەکان بدەن پاروەنانێکی حەڵاڵ بۆ خێزانەکانیان پەیدا بکەن.''

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە ئێرانەوە بە زۆرەملێ بۆ وڵاتی خۆیان دیپۆرت کراونەتەوە، حکوومەتی تاڵیبان کە تا ئێستا لە جیهاندا وەکوو حکوومەتی فەرمیی نەناسێندراوە، لەگەڵ چەند وڵاتێک، هەیە،  وەک یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی بێکاریی خەڵکی وڵاتەکەی، لەگەڵ وڵاتی قەتەر پێکهاتووە کرێکاری خۆی بنێرێتە وڵاتەکە.