سیسی داوای بە پەلە ئاوەدان کردنەوەی غەززە دەکات
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئابی 2025، دووپاتی لە ئاگربەستی غەززە و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کردەوە، لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان و دیلەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
محەممەد شناوی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری میسر ڕایگەیاند: عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بەتەلەفۆن لەگەڵ دیک سیخۆف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا قسەی کردووە، لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی چەند دۆسیەک کردووە، لەوانەش بارودۆخی نا هەموواری هەرێمی و هەوڵی میسر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە.
شەناوی ڕایگەیاند: سیسی لە پەیوەندییەکەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی سەر غەززە، لەگەڵ گرەنتی گەیاندنی هاوکاری پێویست و تەواوی مرۆیی لە زووترین کاتدا، لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلەکانی فەڵەستین.
هەر لەو پەیوەندییەدا، باس لە دروستکردنی کەشێکی گونجاوکراوە بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی دانووستان و ڕێککەوتن، لەپێناو دروستکردنی هەردوو دەوڵەتی فەڵەستین کە پایتەخەتەکەی قودسی ڕۆژهەڵات بێت، بەپێی ئەو سنوورەی ساڵی 1967 داندراوە، چونکە تاکە چارەسەری بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.