بژار نەجار: لە کوردستان چارەسەری نەخۆشی پارکینسۆن دەکرێت

بژار نەجار، پزیشکێکی کوردە و سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی مێلەرە، لە بەشی مێڤمۆنت دیسۆردەر لە شاری ئیسکلیستونای سوید، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە لە سویدە، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ کوردستان داوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشانی پارکینسۆن لە کوردستان.

بژار نەجار پزیشک لە نەخۆشخانەی مێلەر لەبارەی نەخۆشی پارکینسۆن بە پەیامنێری کوردستان24ی گوت: نەخۆشی پارکینسۆن لە شەش ساڵی سەرەتایی بە دەرمان دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە نەخۆشییەکە چارەسەر نەکرا، ئەوا لەرزین و وشکبوونی لەش زیاد دەبێت و جووڵەی جەستە سنووردار دەبێت.

ئەو پزیشکە کوردە باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە زیاد دەبن، نەخۆشەکە پێویستی بە دەرمانی پڕۆسیجەر دەبێت، هاوکات سێ جۆری پڕۆسیجەریش هەن، یەکێک لەوان پێی دەڵێن ئەپۆمۆرفین پەمپ، کە لە ژێر پێستی مرۆڤ دادەنرێت و هاوکاری نەخۆش دەکات بجووڵێت و لە لەرزینی لەش دەیانپارێزێت.

بژار نەجار ئاماژەشی دا، هەوڵ دەدەن لە کوردستان چارەسەری تووشبووانی نەخۆشی پارکینسۆن بکەن، تاوەکوو هاووڵاتی وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەر سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەو دەرمانەی کە بڕیارە لە کوردستان بۆ نەخۆشەکان بە کار بهێنرێت لە وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکرێت و دکتۆر بژار باس لە خەرجی هەر هاووڵاتیەک دەکات کە ئەو دەرمانەی بۆ بەکار دەهێنرێت و گوتی: ئەو دەرمانە لە فەرەنساوە هاوردەی کوردستان دەکرێت، بەڵام مەبەستمە کە ئەو دەرمانە (پڕۆسیجەر) بێ بەرانبەر بدرێتە نەخۆشەکان.

 
Fly Erbil Advertisment