ئەمەریکا و ناتۆ چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا دەدەن

هاوپەیمانی ئەتڵەسی(ناتۆ)
هاوپەیمانی ئەتڵەسی(ناتۆ)

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی ئەتڵەسی(ناتۆ)، کار بۆ داڕشتنی میکانیزمێک دەکەن بە ئەوەی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا بدەن.

ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە بۆ پشتیوانی لە ئۆکرانیا، دوای بێ ئومێدبوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا دێت کە لەبارەی بەردەوامی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بۆی دروست بووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەماوەی دواییدا نەرمی بەرانبەر ڕووسیا نواند لەپێناو کۆتایی هێنان بە جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام هۆشداری ئەوەشی دا، ئەگەر مۆسکۆ تاکوو مانگی ئاب پابەند نەبێت بە ئاگربەست، سزای گومرگی لەسەر دەسەپێندرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، بە پشتیوانی دارایی ئەورووپا، پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن و چەکی زیاتری پێ دەدەن، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە لەلایەن ترەمپەوە جێبەجێ نەکراوە.

سەرچاوەکانی زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن، هاوپەیمانی ئەتڵەسی و ئۆکرانیا و ئەمەریکا بیر لە داڕشتنی میکانیزمێک دەکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئۆکرانیا پڕ چەک بکەنەوە، بەتایبەت بەو چەکانەی کە ئۆکرانیا داوای کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو بڕ و جۆری چەکانەی ئۆکرانیا داوای دەکات، بەهاکەی 500 ملیۆن دۆلارە، مارک ڕۆتە، سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت: بۆ دابینکردنی پارە تا چەکەکانی لە ئەمەریکاوە پێ بکڕین، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی نێو هاوپەیمانێتی ناتۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین کامەیان دەتوانن، کامە چەک بکڕن و بیدەن بە ئۆکرانیا.

ڕادیۆی مۆنتیکارلۆ بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوپەیمانی ناتۆ نیازی ئەوەی هەیە بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار چەک بۆ ئۆکرانیا دابین بکات، بەڵام ئاشکرای نەکرد دەیانەوێت لە چ وادەیەک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.