ترەمپ هەوڵدەدات ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست بخاتە نێو ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمییەوە
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ئازەربایجان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ بەشداریکردنی وڵاتەکە و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئاسیای ناوەڕاست، لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی، ئومێد دەکەن پەیوەندییەکانی ئێستایان لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزتر بکەن.
بەپێی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی کە لە ساڵی 2020 و 2021 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ واژوو کرا، چوار وڵاتی زۆرینەی موسڵمان ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بە نێوەندگیری ئەمریکا.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە، ئازەربایجان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییەکی لەمێژینەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، دەیانەوێت ڕێککەوتنەکان فراوانتر بکەن لەبواری پەیوەندییە بازرگانی و سەربازییەکان.
ئامانجی ئیدارەی ترەمپ قەناعەت پێکردنی سعودییە کە لە ناوچەکە کاریگەریی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکات، لە کاتێکدا شەڕی کەرتی غەززە پەرەی سەندووە و ئەوە بە زەحمەت دەزاندرێت.
بەریتانیا چەندین جار ڕایگەیاندووە، بەبێ هەنگاونانی ئیسرائیل بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی، هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە بەرەو ئیسرائیل نانێت، بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە و برسێتی لەو کەرتەدا بەهۆی ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، توڕەیی وڵاتانی عەرەبی زیاتر کردووە، ئەمەش وای کردووە هەوڵەکان بۆ بەشداریکردنی زیاتری وڵاتانی زۆرینەی موسڵمان لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمدا شکستی هێناوە.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە ئاشکرا ناوی چەند وڵاتێکیان هێناوە کە ئەگەری بەشداریکردنیان لە ڕێککەوتنەکە هەیە، سەرچاوەکان دەڵێن: ئازەربایجان لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وڵاتەکاندایە کە نیازی ڕێککەوتنیان هەیە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەکرێت لە ماوەی چەند مانگێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەکدا ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بکرێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ئاشتی، لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، چووە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە، سێ سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاریە لایتستۆن، یاریدەدەری باڵای ویتکۆف، لە کۆتاییەکانی بەهاری ئەو ساڵەدا لەگەڵ عەلیێڤ کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی.
بەگوێرەی ئاماری تەندروستی لە کەرتی غەززە، لە شەڕی غەززە زیاتر لە 60 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە لەو ژمارەیەدا دەیان هەزار ئافرەت و منداڵیشیان تێدابووە، ئەمەش توڕەیی جیهانی لێکەوتووەتەوە، کەنەدا، فەرەنسا و بەریتانیا لەم دواییانەدا نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین ڕاگەیاندووە.