هەندرێن ئەحمەد: پێویستە کاری میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێت

هەندرێن ئەحمەد
هەندرێن ئەحمەد

سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە کاری میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێت و وێب سایت و سۆشیال میدیاکان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت داکۆکیان لێ بکرێت.

شەممە 2ـی ئابی 2025، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: یاسای ژمارە(35)ـی ساڵی 2007 کە سنوورەکانی ئازادی فراوان کردبوو، پێویستە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرەوپێشچوونی میدیای ئەلیکترۆنی و میدیای دیجیتاڵی، هەمووار بکرێتەوە، هەمووارکردنەوەکەش ڕێڕەوی یاسایی خۆی هەیە و لە ئێستادا دەبێت لایەنێکی دیکە شوێنی پەرلەمان بۆ ئەوە بگرێتەوە، لەوبارەوە ئەنجوومەنی شورا لە 2016 -2017 فەتوایەکی لەبارەی ڕێکخستنی کاری دیجیتاڵ میدیا بەشێوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەرکرد بۆ ئەوەی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار بکرێن، دەڵێت: ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت لەوەی کاری میدیا ئەلیکترۆنییەکان ڕێک بخرێن.

هەندرێن ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات،  سۆشیال میدیا پێویستی بە یاسای تایبەت و هاوکار هەیە، دەڵێت: نامانەوێت یاسایەک دەربکەین ئازادی میدیایی تەسک بکەینەوە، بەڵکو دەمانەوێت کاری میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا ڕێک بخەین، چونکە بەو شێوازەی ئێستای کارکردن، سۆشیال میدیا زیان بە تاکی کوردستان و ژیانی تایبەتی هەر کەسێک دەگەیەنێت.

دەڵێت: ئێمە کە فەتوای ئەوەمان هەیە وێب سایت و میدیای دیجیتاڵی تۆمار دەکەین، ئاگەداری هەموو لایەنەکانمان کردووەتەوە بێن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی وەرگرن، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا لە دادگاکان داکۆکیان لێ بکرێت، هاوکات ڕۆژنامەنووسان بچنە شوێنی ڕووداو و چالاکییە فەرمییەکان، بۆیە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیا بە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی یاسای کاری ڕۆژنامەوانیی پەباند دەکات، بەم شێوەیە ڕۆژنامەنووس جیاوازیی نابێت ئەگەر لە سۆشیال میدیا کار بکات، یاخود ڕۆژنامە و گۆڤار.

ئاماژە بەوەش دەکات، پێوەرێکی دیکەی ڕێکخستنی کاری سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیا ئەوەیە، پێویستە سەرچاوەی داراییان دیار بێت، بارەگاکانیان شوێنیان ئاشکرا بێت، خاوەنی ئیمتیازەکانیان ناسراو بن،  سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانیان لەگەڵ ئەوانەدا بناسێنرێن، لەگەڵ چەند پێوەرێکی دیکە، بەم شێوەیە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمار دەکرێن.

هەندرێن ئەحمەد گوتی: سایت و سۆشیال میدیای نادروست هەن لە کوردستان هەواڵ و زانیاری نا دروست بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوانەی هەواڵ و زانیاری دروست بڵاودەکەنەوە، خۆیان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمارکردووە.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان 1600 دەزگای ڕاگەیاندن و زیاتر لە 150 کەناڵی تەلەڤزیۆنی کە 30 لەو کەناڵانە ئاسمانین، هەن، بەشێوەیەک، 127 کەناڵی ناوخۆیی، 70 کەناڵی ناوخۆی شارەکان، 50 کەناڵی سەرتاسەری شارەکان و 176 ڕادیۆ هەن.

هاوکات 121 ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و 988 ڕۆژنامە و گۆڤار هەن و لەچوارچێوەی کاری ڕۆژنامەنووسیدا کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەدا 8 هەزار ڕۆژنامەنووس لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون و ئێستا ئەندامی ئەم سەندیکایەن، لەو ژمارەیەدا 800 ئافرەتی ڕۆژنامەنووس هەن، 15 ئافرەتیان خاوەن ئیمتیازن، 17 ئافرەتی دیکە سەرنووسەری ڕۆژنامەن، 13ـی دیکەیان خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕن، 8 ئافرەتیش سەرنووسەری ماڵپەڕن.