سوپای ئیسرائیل: شەڕی غەززە بەبێ ئازادکردنی بارمتەکان کۆتایی نایێت
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی "جەنگی سەر غەززە بەبێ پشوودان بەردەوام دەبێت" تاکوو ئەو بارمتە دەستگیرکراوانەی لە کەرتی غەززە لە دەستی حەماسدان، ئازاد نەکرێن.
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی سەربازیدا کە ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، بڵاوی کردەوە، تێیدا دەڵێت:"مەزەندە دەکەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەینە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان، بە پێچەوانەوە شەڕەکە بەبێ پشوودان بەردەوام دەبێت".
بەپێی زانیارییەکان، زەمیر ڕۆژی هەینی " بە یاوەری ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپا، سەردانێکی مەیدانی و هەڵسەنگاندنێکی بارودۆخی" کەرتی غەززەی کردووە.
سوپاسالاری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، "جەنگ بەردەوام دەبێت و ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هاتوون هێزمان پێدەبەخشن".
شەڕی غەززە دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، کە بەهۆیەوە هەزار و 219 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
لە کۆی 251 بارمتە کە لە کاتی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا گیراون، 49 کەسیان هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، کە 27 کەسیان بەپێی زانیاری سوپای ئیسرائیل، 27 کەسیان کوژراون.
ئیسرائیل بە شەڕێکی وێرانکەر و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لانیکەم 60 هەزار و 332 فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی نیوەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچووان بوون.
بەپێی ئاماری فەرمی سوپای ئیسرائیلیش، 898سەربازی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ حەماس، کوژراون.
دوای نزیکەی 22 مانگ لە جەنگ، بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی "برسییەتی تەواو" بووەتەوە، بەتایبەتی کە ژمارەی دانیشتووانەکەی کە زیاتر لە دوو ملیۆنە و بە پلەی یەکەم پشت بە هاوکاری دەبەستن، لەژێر گەمارۆی توندی ئیسرائیلدا دەژین.