لە گوندی بادەرەش لە ناحیەی سەرسنک 92% ڕووبەری زەوی لە مین پاککراوەتەوە

لە ساڵی 1948 حکوومەتی ئەو کاتی عێراق سەدان مین و تەقەمەنی لە سنووری بادەرەش ناحیەی سەرسنک لە قەزای ئامێدی چاندووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی ئەو سنوورە لە بەروبوومی کشتوکاڵی بێبەش بن، ئێستاش هیوای ئەو گوندنشینانە پاکردنەوەی ئەو مینانەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ نێو زێدی خۆیان.

تیمەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە دهۆک نزیکەی 24 هەزار مەتر دووجا زەوییان لەو ناوچەیە لە مین پاککردوەتەوە, دلشێر بەهجەت، سەرۆکی تیمی پارکردنەوەی مین لە پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ی گوت: تاوەکوو ئێستا 92% ناوچەکەمان لە مین پاک کردووەتەوە و دەیان مین و تەقەمەنییان لە نێو بردووە, هاوکات چەندین مینی جۆراوجۆری وەک، B69، TS50 جۆرەکانی دیکەمان تەقاندووەتەوە.

زیا میناس حەنا, موختاری گوندی بادەڕەش باسی لەوە کرد، لە ساڵی 1948 تاوەکوو ئێستا ناوچەکەمان بەهۆی چاندنی مین و تەقەمەنی چۆڵکراوە، بۆیە دانیشتووانی ئەو سنوورە بە ناچاری لە شوێنی دیکە کاری کشتوکاڵی دەکەن، بۆیە ئەگەر سنوورەکەمان لەو مین و تەقەمەنییە پاک بکڕێتەوە، ئەوا خەڵک بۆ نێو زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە و دەست بە کاری کشتوکاڵی دەکەن.

لە کۆی 779 زەوی مینڕێژکراو لە پارێزگای دهۆک، تەنیا 379 زەوی لە مین پاک کراونەتەوە، هاوکات پرۆسەی گەڕان و پاککردنەوەی زەوی لە مین و تەقەمەنی لە پارێزگای دهۆک لەلایەن پێنج تیمی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە چەند شوێنێکی لە پارێزگاکە بەردەوامە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment