عراقچی: لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕێککەوتووین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر میکانیزمێکی نوێی کارکردن ڕێککەوتووین. باسی لەوەش کرد، بەم نزیکانە شاندێکی ئاژانسەکە سەردانی تاران دەکات.
شەممە 2ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمزی ڕاگەیاند: بۆ پیتانانی یۆرانیۆم تەکنەلۆجیای پێویستیان هەیە، هەروەها 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو شوێنە بووە کە بۆردومان کرا.
هاوکات ڕاشیگەیاند: ژمارەیەکی زۆر زانای بواری ئەتۆمییان هەیە، کە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە کاریان کردووە. جەختی لەوەش کردەوە، کەی و چۆن دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە، ئەو پرۆسەیە بەندە بە بارودۆخەوە.
باسی لەوەش کردووە، تا ئێستا نازانن ئەو بڕە یۆرانیۆمەی پیتێنراوە چی بەسەر هاتووە. وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتیشی: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن ناکەین، تا ترەمپ داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.
لە بارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە، عراقچی، ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئاژانسەکە لەسەر میکانیزمێکی نوێی کارکردن ڕێککەوتوون.
دەشڵێت: بەم نزیکانە شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات.
چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ یەکەمجار دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران سەردانی تاران دەکات.
ئاماژەشی دا، شاندی تەکنیکی ئاژانسەکە بە مەبەستی دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.