ئاسایشی هه‌ولێر باندێكی بە تۆمەتی هەڕشەکردن لە هاووڵاتییان ده‌ستگیر كرد

باندێكی سێ كه‌سی کە لە ڕێگەی دانانی کامێرای نهێنی و بەکارهێنانی ئافرەتەوە هەڕەشەیان لە پیاوان دەکرد، لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کران.

شەممە 2ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە فەرمانی دادوەری کۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، سێ کەسمان بە ناوەکانی (ق ، أ ، ع)، (م ، غ ، س) و(ف، ف ،ج) بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان دەستگیر کرد.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە، تۆمەتباران هەستاون بە گرتنی شوقەیەک لە یەکێک لە پرۆژەکانی شاری هەولێر و دواتر لە ناو ئامێرێکی بڵندگۆ لە ژووری نوستنی شووقەکەیان کامێرەیەکی نهێنیان جێگیر کردووە، دواتر بە ناوی میوانداری چەند پیاوێکیان بانگهێشتی شوقەکە کردووە.

باسی لەوەش کرد، تۆمەتباران لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند ئافرەتێکەوە، وێنە و گرتەڤیدیۆی زیاتر لە 10 پیاویان بە شێوەی نەشیاو تۆمار کردووە، دواتر لەو ڕێگەیەوە هەڕەشەیان لێ کردوون ئەگەر پارەیەکی زۆریان پێ نەدەن بڵاوی دەکەنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە سوپاسی هاووڵاتییانی کرد لە پێناو پێدانی زانیاری بە ئاسایشی هەولێر.

 
Fly Erbil Advertisment