زبڵ و خاشاک دانیشتووانی تارانی هەراسان کردووە

پاش دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان، قەیرانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە تاران سەری هەڵداوە و ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی زۆرێک لە دانیشتووانی شارەکە.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان، نیگەرانی دەربارەی کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر ڕەوتی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، بەتایبەتی پاکوخاوێنیی پایتەخت، سەری هەڵدا. بەشێک لەم نیگەرانییانە بۆ بەکارهێنانی بەربڵاوی هێزی کاری نایاسایی بیانی لەلایەن بەڵێندەرانی شارەوانیی تارانەوە دەگەڕایەوە.
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران، لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەکاربوونیدا دروشمی "تاران، گەورە شاری نموونەیی جیهانی ئیسلام"ی بەرزکردەوە. بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە دروشمەکەی بکات بە کردەیی و جێبەجێی بکات.
عەلی ئەسغەر قائمی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری تاران، دەربارەی قەیرانی پاکوخاوێنی تاران، بە ئاژانسی هەواڵی 'دیدەبانی ئێران'ی گوت: سەرۆکی شارەوانیی تاران سەرقاڵی سیاسەتە، نەک چارەکردنی کێشەی دانیشتووانی شارەکە.. ئەو بەدوای ئەوەدایە کە شتێک ڕوو بدات و خۆی دەربخات.
مەهدی چەمران، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری تاران، داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد لە جێبەجێکردنی پلانی دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکاندا، دەرفەتێک بە شارەوانی بدرێت تا بتوانێت دەستی کاری جێگرەوە دابین بکات و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی تووشی کێشە نەبن. هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ ئەم دەرفەتەی نەک لەسەر داوای ئەنجوومەنی شار، بەڵکو بەهۆی ڕاگرتنی کاتیی پرۆسەی دەرکردنی کۆچبەران، ڕەخساند، بەڵام شارەوانیی تاران کەمتەرخەمیی کرد و وای دەزانی کە هەمیشە دۆخەکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکاندا، کێشەکانی شارەوانی لە بواری پاکوخاوێنیی پایتەختدا ئاشکراتر بوون و دۆخی هەندێک ناوچەی تاران لەچاو ڕابردوودا خراپتر بوو. لە لایەکی ترەوە، کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی بەڵێندەرانی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ 14 بەڵێندەر، بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی شاردا؛ بەجۆرێک، کە هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری تاران لە ئاگادارکردنەوە و ڕاپۆرتەکانیاندا، چەندان جار دەربارەی بەم بابەتە هۆشدارییان داوە.
مەهدی ئەقراریان، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی ئەنجومەنی شاری تاران، لە دانیشتنێکدا بە ڕاشکاوی ڕووی لە عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران کرد و گوتی: لەگەڵ خەڵکدا سەرسەختی مەکە، بەڕێز زاکانی! زبڵی خەڵک بە باشی کۆ بکەرەوە؛ ئەرکی ئێوە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە!
سەرەڕای ئەم ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییانە، هێشتا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی تاراندا بەدی ناکرێت و زۆرێک لە هاوڵاتیان لە دابەزینی ئاستی پاکوخاوێنی لە گەڕەکە جیاوازەکانی پایتەختدا گلەییان هەیە.
وادەردەکەوێت کە لاوازی لە پلاندانان و گرفت لە دامەزراندنی دەستی کاری جێگرەوە، بووەتە قەیرانێکی شاراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تاراندا کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ڕەنگە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی فراوانتری لێ بکەوێتەوە.