ڕیهام حەجی: داعشەکان پێیان دەگوتم ئێوە دەکوژن و قەبوڵتان ناکەنەوە
لە 3ـی ئابی 2014، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵا و جینۆسایدکردن لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، 6417 هاووڵاتی و لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوەکە ڕفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە ژمارەیەکی زۆریان ڕزگاربکرێت و ئەوانی دیكه تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونهتهوه و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی وێران کرد.
لە کۆمەڵکوژییهكهی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونهتهوه، لەگەڵ ئهوهشدا نزیکەی 400 ههزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نهگهڕاونهتهوه.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی-ئۆفیسی عێراق راگەیەندراوێکی بە بۆنەی 11 ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەسەردەستی داعش بڵاوکردووەتەوە و تیادا هاتووە:" 11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان تێپەڕی، ڕزگاربووانی ئەو تاوانە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
کۆچی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە؛ هاوشانی ئێزیدییەکان دەوەستنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەشێوەیەکی پارێزراو، هەروەها پشتیوانیان دەکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان و پەیوەندییەکانیان.
ڕیهام حەجی، کچە ڕزگاربووی دەستی داعش گوتی: ئەوکاتەی لە دەستی داعشدا بووم، ئەوان بەمنیان دەگوت:" هەر کاتێک بگەڕێیتەوە، ئێزدییەکان تۆ دەکوژن، ئەوان تۆ لەنێو کۆمەڵگەی خۆیان قەبوڵ ناکەنەوە، ئێستا ڕزگارکراوم و هەموو شتێک پێچەوانەی قسەکانی داعشە لەنێو کۆمەڵگەکەی خۆم، زۆر ڕێزم لێدەگیرێت، دەشڵێت: ئەمڕۆ هاتوومەتە لالش زۆر دڵخۆشم.
پیر سەردار، مجێوری کانی سپیش لە لاش گوتی: هەر کوڕ و کچێکی ئێزدی ڕزگار بکرێت، وەک کۆمەڵگەی ئێزدی قەبوڵیان دەکەینەوە و مۆریان دەکەین.