یەکەم حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی سعودی دامەزرا
لە 90ـەمین ساڵیادی رۆژی سعودیە
K24 - هەولێر
بۆ یەکەمجار لە مێژووی دروستبوونی شانشینی سعودیە، حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن بەناوی "گردبوونەوەی نیشتمانی" لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ئۆپۆزیسیۆن دامەزرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دامەزراندنی، حزبەکە داوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێکی نوێنەران دەکات، کە بە تەواوی و لەلایەن گەلەوە دەنگی پێبدرێت، دەسەڵاتەکانی یاسادان، دادوەری و جێبەجێکردنیش جیابکرێنەوە.
سعودیە وڵاتێکی تەواو پاشایەتییە، هەموو دەسەڵاتەکان لەلای شایە و هیچ بوارێک بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی نادرێت. راگەیاندنی دامەزراندنی حیزبەکەش لە 90ـەمین رۆژی نیشتمانیی سعودیە بوو.
مەزاوی رەشید، ئەکادیمیست و ئەندامی حیزبی گردبوونەوەی نیشتمانی لەبارەی حیزبەکەیەوە بە رۆیتەرزی گوتووە "کاتەکە زۆر گرنگە... چونکە کپکردن لەزیادبووندایە".
گوتیشی حیزبەکەیان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، گرووپەکانی مافی مرۆڤ کاردەکات، بەبێ ئەوەی داوای خۆپیشاندان بکات لە ناوەوەی سعودیە.
هـ.ر.