قایمقامی ناوەندی هەولێر: 28 بەنزینخانەمان داخست

نەبەز عەبدولحەمید
نەبەز عەبدولحەمید

قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی خراپ بە شوفێران، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، 28 بەنزینخانەیان داخست و نزیكەی 30 ملیۆن دینار سزای دارایی دراون، گوتیشی: هەرچەند سەرپێچییەكەیان گەورەتر بێت، سزای سەر بەنزینخانەكان قورستر دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: تیمەکانمان  ڕۆژانە سەردانی نزیکەی 40 بەنزینخانە دەكەن، نموونەی بەنزینەكەیان دەبرێتە تاقیگە و ئەگەر ئۆكتانی بەنزینەكەیان هاوتای نمرەی ستاندارد نەبێت، سزای دارایی دەدرێن و دادەخرێن. 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی 30 ڕۆژدا پشكنین بۆ 680 بەنزینخانە كراوە، 28 بەنزینخانە داخراون و بەبڕی 28 ملیۆن و 500 هەزار دینار سزا دراون.

هەروەها گووتیشی: بەردەوام دەبین لە چاودێری کردنی سەرجەم شوێنە گشتییەکان و بەنزینخانەکان، چونکە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما، ئەگەری ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە هەیە و نامانەوێت بەهۆی بەنزینی خراپ هیچ هاونیشتمانییەک تووشی ڕوودای نەخوازراو بێت، بۆیە ڕۆژانە تیمەکانمان بەردەوام سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن.

لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری نزیکەی 260 بەنزینخانە هەن، هەر بەنزینخانەیەكیش سەرپێچی ڕێنماییەکان بکات، ئەوا بە بڕی 250 هەزار دینار بۆ سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.