هێرشی ئاسمانیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە

هێرشی ئاسمانیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ڕۆژانە هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەردوولا دەبنە قوربانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.
یەکشەممە، 3ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیی پایتەختی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕووسیا هێرشێکی مووشەکیی کردووەتە سەر کیێڤ. شایەتحاڵان گوێیان لە تەقینەوەیەکی بەهێز بووە کە شارەکەی هەژاندووە.
ئەم هێرشە، چەند ڕۆژێک دوای گەورەترین هێرشی ئاسمانیی ڕووسیا دێت بۆ سەر کیێڤ لە ئەمساڵدا کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 31 کەس، لەنێویاندا پێنج منداڵ و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەسی دیکە.
حکوومەتی ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند "بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندان پێگەی سەربازیی و بۆرییەکی گواستنەوەی غازمان لە ناو خاکی ڕووسیادا پێکاوە." لەکاتێکدا، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕووسیا دەڵێن، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، سێ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگای سۆچیی ڕووسیا، ڕایانگەیاند "زیاتر لە 120 ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری تانکییەکی گەورەی نەوت دەدەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە، لەئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە گڕی گرتووە."
ئاژانسی هەواڵی RIAی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی ڕووسیا، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سۆچی ڕاگرتووە.
دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا (SBU) ڕایگەیاندووە "هێرشەکان، شەوی هەینی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوورمەودا کراونەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە شارۆچکەی پریمۆرسکۆ-ئەختارسک لە باشووری ڕۆژئاوای ڕووسیا و لە ئەنجامدا ئاگر لە عەمبارێکی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی جۆری شاهید، کە ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت، کەوتووەتەوە."
ئاژانسی ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاند "هێرشەکان، کۆمپانیایەکیان لە ناوچەی پێنزای باشووری ڕووسیا پێکاوە کە بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازی-سەربازیی ڕووسیا کار دەکات و تۆڕی دیجیتاڵی سەربازی، ئامێری فڕۆکەوانی، زرێپۆش و کەشتی دروست دەکات و لە ئەنجامدا ئافرەتێک کوژراوە و دوو کەس دیکەش بریندار بوونە."
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا، لە ماوەی نۆ کاتژمێردا، 112 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای لەسەر خاکی ڕووسیا تێک شکاندووە."
سەرباری ئەوەی ڕۆژانە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی هەردوولا، دەبنە قوربانی ئەو هێرشانە، بەڵام ڕووسیا و ئۆکرانیا نکۆڵی لەوە دەکەن کە هێرشیان کردبێتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی. کیێڤ دەڵێت: هێرشەکانمان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ڕووسیا بە مەبەستی لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی سەرەکیی ڕووسیا و وەڵامدانەوەی هێرشە بێوچانەکانی ڕووسیایە بۆ سەر ئۆکرانیا.