ڕێبەر ئەحمەد: بڕینی مووچە کەمتر نییە لەو کارەساتانەی پێشتر بەسەر کوردستاندا هاتووە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە مووچەی خەڵکی کوردستان بنێردرێت و چیدیکە بیانوو بە هەرێمی کوردستان نەگیرێت.

یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی کێشە دروستکردن بۆ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان گوتی: پرسی مووچە بووەتە  چیرۆکێکی دوور و درێژ، لەگەڵ ئەوەی مووچە مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێوە پابەندە، گوتیشی:  نێوانی ئێمە و حکوومەتی عێراق دەستوورە، بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و یاسا جێبەجێ بکرێت، پێویستە مافی خەڵکی کوردستان بدرێت و کۆتایی بە سیاسەتی دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان بێت.

وەزیری ناوخۆ گوتی: پێویستە کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێت، بڕینی مووچە و بوودجەی کوردستان کەمتر نییە لەو کارەساتانەی پێشتر بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئابڵوقەیەکی گشتی بەسەر خەڵکی کوردستان کارەساتێکی گەورەیە، دەخوازین بە دەستوور و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە دەرەوەی یاسا و دەستوورە، بەڵام بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان خەرج بکرێت، سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد، لەبەر ئەوە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ چیدیکە بیانوو بە خەڵکی کوردستان نەگرێت و مووچەی خەڵکی کوردستان خەرج بکات.

لەبارەی ناوچەکانی ماددەی 140 کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ناسێندراون، ڕێبەر ئەحمەد تیشکی خستە سەر ئەوەی، هەموو پێکهاتەکانی لە ناوچەکانی ماددەی 140 دا دەژین لە ئێزدی ،مەسیحی و شەبەک و پێکهاتەکانی دیکەش، لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی بوونی خۆیان و نەمانی کلتووریاندان، چونکە گۆڕانکارییەکی دیموگرافی گەورە لەو ناوچانە دەکرێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵی کرد، سنوورێک بۆ گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچانە دابنێن، گوتی: مەبەستی ئێمە لە ڕێککەوتنی شنگال ئەوەیە، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ڕێگریی لە گۆڕینی دیموگرافیش بکەین.

لەبارەی هێرشە درۆنییەکانیش، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، لێژنەیەکی تەکنیکیە و  کاردەکات بۆ ئەوەی یەکلا بکاتەوە ئەو جۆری درۆنانە هی کامە گرووپی چەکداری عێراقە و بەکاری دێنن، بەڵام بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش دیارە کێنە ئەو گرووپ و لایەنانەی ئەو جۆرە درۆنانەیان هەیە، پێشتریش ئەو جۆرە درۆنانەیان ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتی: دەزانین لە کوێ درۆنەکان دروست دەکرێن، چۆنیش ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، ئامانجیشیان تێیدا چی بووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، لێژنە هاوبەشەکە بگاتە ئەنجام و ڕاپۆرتێکی ڕاست و دروست و عادیلانە، ئەنجامی ڕاپۆرتەکە ڕابگەیەندرێت، ئەو کەس و لایەنانەی کە لە پشتی هێرشەکانیشن، سزا بدرێن.

لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.

28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا. 

قاسم ئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند " هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەیەنن، سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و هێرشکارەکان بە سزای خۆیان دەگەن.