لە هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد
لە پارێزگای هەولێر، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت کە بڕیارە 11ـی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە پارێزگای هەولێر دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا، بۆ داڕشتنی پلانێکی تۆکمەش بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەڕێوەبچێت، لە دیوانى پارێزگا بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە بەشدارى بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى دەنگدانى گشتیى لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە مانگى 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، گفتوگۆکراوە، پارێزگارى هەولێر، ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ، بەرگریی شارستانیی، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی بەپێى ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست دەستنیشانکرد، بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکەش هەموو هاوکاریی و پاڵپشتییەکى پارێزگا و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى بۆ نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دووپاتکردەوە.
پارێزگارى هەولێر، داوای پابەندبوونی بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد و گوتی: دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی ئارام، لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و دیموکراسى و سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاپاى هەرێمى کوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت.