ئیتاڵیا سێ ملیۆن یۆرۆی بۆ تەندروستی سووریا تەرخان کرد

ئاژانسی ئیتاڵیا بۆ هاوکاریی و گەشەپێدان ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای تەندروستی سووریا بۆ دەستنیشانکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، لە ڕێگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی حکوومەتی سووریای کرد.
ئەلیساندرا پێرماتی، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئیتاڵی بۆ هاوکاریی و گەشەپێدان لە لوبنان گوتی: "ئاژانسی ئیتاڵیا بۆ هاوکاریی و گەشەپێدان ساڵانێکە پشتگیری لە هەوڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە بۆ باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان لە سووریا." ئاماژەی بەوەش دا، ئاژانسەکە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی تەندروستی گشتیی سووریا."
لای خۆیەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ماڵپەڕەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەم پارەدارکردنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری نەخۆشییەکان و نۆژەنکردنەوەی تاقیگەکانی تەندروستی گشتی لە دیمەشق و دەرعا و پاڵپشتی لە گۆڕینی دیجیتاڵی سیستەمی زانیاری تەندروستی.
ڕێکخراوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم هەوڵانە هاوکار دەبن لە دۆزینەوەی پێشوەختەی نەخۆشییە درمیەکان، بەهێزکردنی تواناکانی پشکنینی تاقیگەیی، و خێراکردنی فریاگوزاریی پاراستنی کۆمەڵگە لە سووریا.
کریستینا بێسکی، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە وەکالەت لە سووریا دەڵێت: سووریا بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەهێزکردنی چاودێری نەخۆشی و توانای تاقیگەیی زۆر گرنگە بۆ زوو دەستنیشانکردنی مەترسییە تەندروستییەکان و وەڵامدانەوەی خێرا و خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە داهاتوودا."