دیندار زێباری: پێویستە پەلە لە دانانی میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستان بکرێت
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت: دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و دەوروبەری، جگەلەوەی ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە، دانیشتووانەکەی بە هۆی ناسەقامگیریی نەبوونی خزمەتگوزاریی نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سێشەممە 3ـی ئابی 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر یادی خەمناکی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعش پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کردووە کە بەشێکی زۆری لە کوردانی ئێزیدی بوونە، دەڵێت: بەگوێرەی ئامارەکانی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان تا ئێستا زیاتر لە (٢٩٠) هەزار ئێزدی لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن لەوانە (120) هەزاریان لە ناو کەمپەکان و (170)هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، دەڵێت: بۆ گەڕانەوەیان پێویستە بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە سەقامگیر بێت و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بگەڕێندرێنەوە.
زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی، (6417) هاووڵاتی سڤیلی ئێزدی رفێندران، بۆیە یەکێک لە کارە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە ڕزگارکردنی رفێندراوان، بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا توانراوە (3590) کەسیان ڕزگاربکرێن و زیاترلە (1100 لە ئافرەتە ڕزگار کراوەکان بۆ وڵاتی ئەڵمانیا نێردراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ڕایگەیاندووە، لە مانگی تەمووزی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاندووە، بەپێی پرۆژەکە بەخشینێکی مانگانە پێشکەش بە ڕزگاربووان دەکرێت کە هەموو ئەندامانی خێزانی ڕزگاربوو دەگرێتەوە تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوكارییەكانیان پێ دەگات و تا ئێستا زیاتر (3570) ڕزگار بوو لێی سوودمەندن، لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی تایبەت بۆ وەرگرتنی ڕزگاربووان لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و باڵادا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ توانستە زانستییەکانیان بگونجێت، هاوکات بەخشینیان لە کرێی خوێندنی (پارالێل) لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێم.
زێباری لە پەیامەکەدا دەڵێت: بە ئامانجی دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش، حکوومەتی هەرێم هەنگاوى زۆری ناوە، لەوانە پێکهێنانی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە ساڵی 2020، بە ئامانجی دادگاییکردنێکى دادپەروەرانەى تاوانباران، رۆژی 28ـی نیسانی 2021 ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەندی بە تاوانەکانی داعشی لە ھەرێمی کوردستان پەسەند کرد، بە مەبەستی دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی و نێردرایە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ڕەتکرایەوە.