فارس عیسا: گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ زێدی خۆیان، پێویستی به ئیراده و هه‌وڵی نیشتمانیی هه‌یه

سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ زێدی خۆیان، پێویستی به ئیراده و هه‌وڵ و كۆششی نیشتمانی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه؛ ده‌شڵێت، ڕێككه‌وتنی شنگال نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی واقیعیانه‌یه بۆ ئاسایش و سه‌قامگیریی شنگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی.
یه‌كشه‌ممه، 3ـی ئابی 2025، فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له یازده‌یه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژكردنی ئێزدییه‌كان له لایه‌ن چه‌كدارانی ڕێكخراوی داعش ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له چركه‌ساته‌كانی یه‌كه‌می هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر شنگال، به‌رگرییه‌كی بێوێنه‌یان كرد و زیانێكی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاندن له پێناو ڕزگاركردنی گیانی ئه‌و ئێزدییانه‌ی له چیا و دۆڵه‌كان به‌تایبه‌تی له چیای شنگال، دابڕێنرابوون. گوتووشیه‌تی، سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی و مه‌یدانی له تێكشكانی داعشدا بینی و خۆی سه‌رپه‌رشتیی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌كرد و ڕێنمایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد.
فارس عیسا گوتووشیه‌تی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی زۆری بۆ دۆزینه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕفێنراوان و ئاشكراكردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنان داوه، به شێوه‌یه‌ك له كۆی 6،417 ڕفێنراو له پیاو، ئافره‌ت و منداڵ، ئێستا ته‌نیا 2،827 كه‌سیان چاره‌نووسیان نادیاره و هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و بێسه‌روشوێنانه له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رده‌وامه.
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ زێدی خۆیان، پێویستی به ئیراده و هه‌وڵ و كۆششی نیشتمانیی هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. باسی له‌وه‌ش كردووه، ڕێككه‌وتنی شنگال نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی واقیعیانه‌یه بۆ ئاسایش و سه‌قامگیریی شنگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی و دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی.
فارس عیسا ده‌شڵێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگ و قه‌یرانه داراییه‌كان به‌هۆی بڕینی به‌شه بودجه‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌ك چۆن له ڕابردوو ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی ئێزدییه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی له خۆ گرتووه، به‌رده‌وامیش ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه ئێستا زیاتر له 280 هه‌زار ئێزدی له كه‌مپه‌كانی كوردستان ده‌ژین و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیاریه‌تی پاراستن و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی له ئه‌ستۆ گرتووه.
لە 3ـی ئابی 2014، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵا و جینۆسایدکردن لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی داعشەوە، 6417 هاووڵاتی و لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوەکە ڕفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە ژمارەیەکی زۆریان ڕزگاربکرێت و ئەوانی دیكه تا ئێستاش بێسەروشوێنن.
هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگه‌ی تایبەت بە کوردانی ئێزدی وێران کرد.
لە کۆمەڵکوژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.