ناتانیاهۆ: حەماس ڕێککەوتنی ناوێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، بزووتنەوەی حەماس نایەوێت لە بارەی ئاگربەست و ئازدکردنی بارمتەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکبکەوێت. دەشڵێت: حەماس هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ترسناک و بارمتەکان ئێمە بشکێنێت، بەڵام بزووتنەوەکە دەبێت ئەوە باش بزانێت کە ئێمە هەرگیز ناشکێین.
یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، تووشی شۆک بووم کاتێک بینم حەماس گرتە ڤیدیۆی دوو بارمتەی بە ناوەکانی ڕۆم براسلاڤسکی و ئێڤیاتار دەیڤد بڵاو کردەوە، زۆر خەمبار بووم بەو دۆخەی کە تێیدان.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، بزووتنەوەی حەماس نایەوێت لە بارەی ئاگربەست و ئازدکردنی بارمتەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکبکەوێت.
هاوکات دەشڵێت: بزووتنەوەی حەماس هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ترسناک و بارمتەکان ئێمە بشکێنێت، بەڵام بزووتنەوەکە دەبێت ئەوە باش بزانێت کە ئێمە هەرگیز ناشکێین.
لە درێژەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، هەست بە ئیرادەیەکی زۆر بەهێز دەکەم بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس."
دوو گرتە ڤیدیۆی دوو بارمتە، کە ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، لە لایەن بزووتنەوەی حەماس بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ڕۆم براسلاڤسکی و ئێڤیاتار دەیڤد، دەردەکەون کە ماندوو و برسین و خەریکی هەڵکەندنی زەوین، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی داوای ڕێککەوتنێک بکرێت لە زووترین کاتدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.