حەماس بە مەرج ڕەزامەندیی دەدات خۆراک بگەیەنرێتە بارمتەکان

بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە، ئامادەن لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور مامەڵە بکەن تا خۆراک و دەرمان بۆ بارمتەکان لە غەززە دابین بکەن، بەڵام بە مەرجێک.
یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی كەتیبەكانی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: ئامادەن لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور مامەڵە بکەن بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان بە بارمتەکان، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت خواردن و دەرمان بۆ دانیشتووانی غەززەش دابین بکرێت.
باسی لەوەش کرد، کەتیبەکانی قەسام ئامادەن بۆ مامەڵەی ئەرێنی و وەڵامدانەوەی هەر داواکارییەکانی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور.
ئەبو عوبەیدە، جەختی لەوەش کردەوە، لەو کاتەی کە هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر دانیشتووانی غەززە دابەش دەکرێت، دەبێت ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و نابێت هاووڵاتییانی سڤیل بە ئامانج بگرێت.
لە بارەی بارمتەکانیش، گوتەبێژی كەتیبەكانی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، گوتی: ئێمە هەرگیز نەمانویستووە بارمتەکان بە برسێتی بمێننەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆکان و قەیرانی خۆراک، دانیشتووانی غەززە لە دۆخێکی سەخت دان و بە دەگمەن خواردنیان بەدەست دەگات، بۆیە بارمتەکانیش بەدەر نین لەو دۆخە سەختە.
هەر ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە جولیەن لێریسن، سەرۆکی نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە ئیسرائیل کرد، بەشداریی بکات لە دابینکردنی خۆراک، دەرمان و چاودێریی پزیشکی بۆ بارمتەکانی کەرتی غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوو گرتە ڤیدیۆی دوو بارمتە، کە ڕۆژی پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، لە لایەن بزووتنەوەی حەماس بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ڕۆم براسلاڤسکی و ئێڤیاتار دەیڤد، دەردەکەون کە ماندوو و برسین، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی داوای ڕێککەوتنێک بکرێت لە زووترین کاتدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.