ناتانیاهۆ داوا لە خاچی سوور دەکات بەپەلە خۆراک و دەرمان بگەیەنێتە بارمتەکان
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، داوا لە خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات، هاوکاریی بارمتەکانی ئیسرائیل بکات کە لەدەستی حەماسدان لە کەرتی غەززە، خۆراک و دەرمان و چارەسەری تەندروستییان بۆ دابین بکەن، لە بەرانبەر ئەوەدا ڕێڕەوی مرۆیی دەکاتەوە.
دوای بینینی ڤیدیۆی بارمتەکانی ئیسرائیل کە بزووتنەوەی حەماس بڵاوی کردنەوە و تێیدا دەرکەوتووە، بارمتەکان لەبەر برسیەتی و نەخۆشیی، لەدۆخێکی خراپدان، ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە بە فریای ئەو بارمتانە بکەوێت کە ئێستا لە دەستی حەماسدان، خەریکە بە برسییەتی و لە نەخۆشیدا لەنێو زیندانی نێو تونێلەکان گیان لەدەست بدەن.
بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی سێ ڤیدیۆیان بڵاو کردەوە، تێیاندا دەردەکەوێت، هەردوو بارمتەکەی ئیسرائیل( ڕۆم براسلافسکی و ئیفیاتار داڤید) لەدۆخێکی زۆر خراپدان، بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە شەقامی ئیسرائیلی هەژاند و هەزاران ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ هاتنە سەرشەقام و داوای ڕێککەوتنی بەپەلەیان کرد بۆ ئەوەی هەرچی زووە بارمتەکان ئازاد بکرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دووپاتییان کردووەتەوە، ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان ئەوەبووە، نیشانی بدەن دۆخی مرۆیی غەززە چەندە سەختە و برسێتی هەڕەشە لەژیانی هەر هاووڵاتییەکی غەززە دەکات.
ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: بە بینینی ڤیدیۆکان شۆک بووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ناتانیاهۆ لەگەڵ جۆلیان لاریسۆن، سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتیی لە ئیسرائیل و فەڵەستین کردووە، خواردن و چارەسەریی بەپەلە بگەیەننە بارمتەکانی ئیسرائیل.
خاچی سووریش لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، بە بینینی ڤیدیۆکان نیگەران بوون و دەڵێت: پێویستە ئەم دۆخە کارەساتبارە کۆتایی بێت.