ئەڵمانیا دەیەوێت منداڵانی غەززە بگوازێتەوە دۆسڵدۆرف و هانۆڤەر
هەردوو پارێزگاری دۆسلدۆرف و هانۆڤەری ئەڵمانیا دەیانەوێت، پێشوازیی لەو منداڵانەی غەززە بکەن کە لەژێر هەڕەشەدان و دووچاری دۆخی دەروونی خراپ بوونەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاش خوێندنەوە بۆ میکانیزمی گواستنەوەی منداڵەکان دەکات و دەڵێت: ئێمە پێمان وایە هەر لە شوێنی خۆیان هاوکاریی بکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا داوای لە هەردوو پارێزگاری دۆسڵدۆرف و هانۆڤەر کرد، بە وریاییەوە بیر لە لەخۆگرتنی منداڵانی غەززە بکەنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە، پشت بە دۆخی ئەمنی دەبەستێت، لەگەڵ تاوانای دەرچوون و ڕزگاربوون لە ناوچەکە، سەرباری چەند ڕێکارێکی دیکەش، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا گوتیشی: چەند پرۆژەیەکی دیاریکراو هەیە کە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی جێبەجێی دەکات، ئاماژەی بەوەکرد کە پرۆژەکان سەرنجی سەرەکییان لەسەر فراوانکردنی یارمەتییە تەندروستییەکانە لە ناوچەکانی نزیک لە جەنگ.
هانۆڤەر، پایتەختی هەرێمی سەکسۆنیایە، دۆسڵدۆرفیش، پایتەختی هەرێمی باکووری ڕاین و ویستفالیایە کە گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیایە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، ئەو هەرێمانە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی غەززە کە پێویستییان بە پارێزگاری لێکردنە و دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە.
شتیڤان کیلەر، سەرۆکی شارەوانی دۆسڵدۆرف گوتی: پشتیوانیی ئەو پرۆسە مرۆییە دەکەن لە دۆسڵدۆرف و هانۆڤەریش.
لەلایەکی دیکەوە، پیلیت ئۆنای، سەرۆکی شارەوانی هانۆڤەر ڕایگەیاند: تا ئێستا ئامادەییان هەیە 20 منداڵی غەززەیان لەخۆ بگرن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری ئەوە هەیە بتوانن ژمارەکە زیاد بکەن لەڕێگەی ئەو خانەوادە و ماڵباتانەی خواستی لەخۆگرتنی منداڵەکانیان هەیە.