واشنتن ھەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی دەكات لە بەغدا

لە ترسی ھەڕەشەكانی ئەمەریكا حەشد ھەڵوێستەكانی خۆیان گۆڕیوە

K24 - ھەولێر:

سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ بە سه‌رۆك كۆماری عێراقی راگەیاندووە، ئەگەر بە ئامانجكردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بە مووشەك رانه‌گیرێت، واشنتن باڵیۆزخانەكەی خۆی لە بەغدا دادەخات. ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە دەستەی حەشدی شەعبی بێبەری خۆی لە ھەوڵەكانی بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا راگەیاند.

سەرچاوەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێش دوو رۆژ، پۆمپێیۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە سه‌رۆك كۆماری عێراق، بەرھەم ئه‌حمه‌د ساڵحی گوتووە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بە ئامانجكردنی باڵیۆخانەكەیان بە ھێرشە مووشەكییەكان رانەگیرێت؛ وڵاتەكەی نیازی وایە لە ماوەیەكی نزیكدا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات.

سەرچاوەكە گوتیشی: پۆمپێیۆ جەختیكردووەتەوە بۆ بەرھەم ساڵح، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانە بۆ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە،  كە نایەوێت بچێتە ھەڵبژاردنەكاندا لە كاتێكدا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی بەردەوام دووچاری بۆردومان و ھەڕەشە دەبێتەوە.

لەگۆڕانێكی لە ناكاودا لایەنە سیاسییەكانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، ھێرشەكانی چەكدارانی دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایان رەتكردەوە. ئەم گوڕانە لە ھەڵوێستدا لە ئەنجامی ھەڕەشەیەكی شێلگیرانەی ئیدارەی ئەمه‌ریكا ھات، كە تێیدا ھەڕەشەی سزادانی ئەو لایەنانە دەكات، كە پشتیوانی لەو ھێرشانە دەكەن.

یەكەم ھەڵوێستیش لە لایەن سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەرچوو، كە لە تویتێكدا رەخنەی لە ھەندێك كۆمەڵەی چەكداری ژێر چەتری حەشد شەعبی گرت و تومەتباریكردن بەوەی لە پشت ئەو كارە تیرۆریستی و ئەو بۆردومانانەن، كە لە عێراق روودەدەن.

دوای ئەم ھەڵوێستە، زۆری نەبرد لایەنەكانی دیكەش ھەڵوێستی ھاوشێوەیان نواند. ھاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی ھادی عامری رەتی ھەر كردەوەیەكی كرده‌وه‌ دژ بە نێردە دیپلۆماسییەكان ئەنجامبدرێت و داوای لە دەزگاكانی ئەمنی كرد بە توندی رێگری بكەن لەو زنجیرەی رفاندن و كاری تیرۆرستییانەی لە عێراق رووده‌ده‌ن.

دەستەی حەشدی شەعبیش خۆی بێبەری كرد لەو ھێرشانەی، كە بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی بیانی و مەدەنییەكان دەكەن ئامانج.

دوای نزیكەی ساڵێك لە ھێرشە مووشكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و ھەندێك لە بنكەكانی سەربازی عێراقی، كە ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكایان تێدایە، ئەمە جاری یەكەمە، دەستەی حەشد و ھاوپەیمانی فەتح بەیاننامە دژی بە ئامانجكردنی نێردە دیبلۆماسییەكان دەردەكەن. بەڵكو ھەندێك لەو گرووپە چەكدارانەی حەشد، وەك حزبوڵڵا و عەسایبی ئەھلی حەق بانگەشەیان بۆ ئەو ھێرشه‌ مووشەكیانە دەكرد و بە خەباتیان دادەنا دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

 سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكردووە، ئەو گۆڕانكارییەی لە ھەڵوێستی ئەو گرووپە چەكدارانەی حەشدی شەعبیدا روویداوە لە دوای كۆبوونەوەی ھەر یەك لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرھەم ساڵح، سەرۆكی عێراق لەگەڵ لایەن و ھێزە شیعەكاندا پێیان راگەیاندبوو، ئەمەریكا ھەڕەشەی كردووە، "ھەر كەسێك خۆی لەم ھێرشانە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان بێدەنگ بكات، بە ھاوبەشیان دادەنێین لەگەڵ ئەو ھێرشكارانە. ھەروەھا بەرھەم ساڵح، سەرۆكی عێراق ھەمان پەیامی بەو لایەنانەی راگەیاندبوو.  

سەرچاوەكە ئاشكراشیكردەوە، ھەندێك لایەنی ناو ھاوپەیمانی فەتح وسەرۆكی دەستەی حەشد، فالح فەیاز مەترسی خۆیان پیشانداوە لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سزا توندەكانی ئەمەریكا، كە ھەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانیان و ئایندەی سیاسیان دەكات.

Fly Erbil Advertisment