پزیشکێک: پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە ڕێژەی 4.3% کەمدەکاتەوە
هەڵمەتی هوشیاری پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵ لەلایەن خانمانەوە دەستیپێکردووە، پاراستنی تەندروستی هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات، پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵ لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیی 30%.
بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی ئاب بۆ ماوەیی هەفتەیەک هەڵمەتی هوشیاری لەنێو خانمان بڵاودەکرێتەوە دەربارەی گرنگی پێدانی شیری سروشتی بە منداڵان.
بێریڤان عەدنان گوتیشی: لە زۆربەی شارۆچکە و شارەدێیەکان بە بڵاوکردنەوەی ئاگا نامە و سیمینار و پەیامی ڤیدیۆی گرنگی و بایەخی شیرپێدان بە منداڵان ڕووندەکەینەوە، چونکە پێنەدانی شیری سروشتی بە منداڵ هۆکارە بۆ دروسبوونی چەند نەخۆشییەک لە خانمان، هەروەها لە هەرێمی کوردستان لە 30% خانمان شیری سروشتی بە منداڵەکانیان دەدەن.
لەلای خۆیەوە ڕێوان حوسێن، پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پێدانی شیری سروشتی لەلایەن دایکانەوە بە کۆرپەکانیان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە، ئەگەر هاتوو خانمێک ساڵێک بە تەواوی شیری سرووشتی بە کۆرپەکەی بدات ڕێژەی تووشبوون بە 4.3%کەمدەکاتەوە لەو خانمە.
ڕێوان حوسێن گوتیشی: لەکاتی پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵ چەندین خانە لە دایکەکە دا گەشە دەکات و پێدەگات، ئەمەش هۆکارێکە بۆ پاراستنی ئەو خانمە لە چەندین نەخۆشی.
پزیشکان و پسپۆڕان ئاماژە بە چەندین سوودی پێدانی شیری سرووشتی دەکەن بە منداڵ:
سوودەکانی شیرپێدان بۆ منداڵەکەت چییە؟
1. شیری دایک پێکهاتەی خۆراکی نموونەیی تێدایە بۆ کۆرپەلە.
2, شیری دایک بە شێوەیەکی ئاسانتر لە شیری دەستکرد هەرس دەکرێت.
شیری دایک دژە تەنی تێدایە (Secretory IgA) کە یارمەتی منداڵەکەت دەدات لە بەرپەرچدانەوەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان.
3. شیرپێدانی سرووشتی، مەترسی تووشبوونی منداڵەکەت بە هەستیاری و هەناسە تەنگی کەم دەکاتەوە.
4. ئەو منداڵانەی کە بۆماوەی شەش مانگ تەنها شیری دایکیان پێ دراوە، بەبێ پێدانی هیچ شیرێکی تری دەستکرد، کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن. وە کەمتریش پێویستیان بە نەخۆشخانە و سەردانی پزیشک دەبێت.
5. لە هەندێک توێژینەوەدا، شیرپێدانی سروشتی بەستراوە بە بەرزی زیرەکییەوە (IQ).
