ئەمەریکا هۆشداریی لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەدات

ئەمەریکا کۆتا ئاگادارکردنەوەی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران داوە، ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە، چونکە بەلای ئەمەریکاوە پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە، هەژموونی ئێران لە عێراق زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی.

هاوکات لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی کورد و سوونە پرۆژە یاساکەی پەسەند کردووە و بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ناردووە، بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان.

حوسێن مەردان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە بە کوردستان24 گوت: هەڵوێستی ئەمەریکا ڕوونە، کە دەیەوێت حەشدی شەعبی بخەنە نێو لیستی تیرۆر، بەڵام ئێمە ئەمە ڕەت دەکەینەوە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی جەنگاوەرن و لە ئازادکردنی وڵات ڕۆڵیان هەبووە.

لای خۆشییانەوە، کورد و سوونە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە نین، بەڵام بەشێکی زۆری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و باڵی سیاسی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەیانەوێت بە هەر جۆرێک بێت پرۆژەکە پەسەند بکەن، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا تەواوی لایەنە شیعەکان لەگەڵ تێپەڕاندنی پرۆژەکەن نین، بەڵام ئەگەر دەتوانن زۆرینەی پەرلەمان پێک بهێنن و بەبێ بەشداری کورد و سوننە دەنگی لەسەر بدەن.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەو گرووپانەی کە هێرشی درۆنی دەکەن سەر هەرێمی کوردستان نزیک لە حەشدی شەعبی، بۆیە دەبێت ئەو پرسە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ چارە بکرێت.

بەپێی پرۆژە یاساکە، حەشدی شەعبی دەبێتە خاوەن ئەکادیمیای سەربازیی، دەبێت ساڵانە بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت و دەتوانێت وەکوو دامەزراوەیەکی دەوڵەت پارە لە وڵاتانی دیکەش وەربگرێت و سەرۆکی دەستەکەش دەسەڵاتی باڵای دەبێت و بەرپرس دەبێت لە دیاریکردنی دەسەڵاتی گرووپەکانی حەشدی شەعبی.