نەخۆشی شێرپەنجە لە زیادبوونە

ئەمڕۆ سێشممە، 5ـی ئابی 2025، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامارەکانی شێرپەنجە ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە، لە هەرێمی کوردستانیش لە شەش مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە تۆمار کراوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: ئەم ئامارانەی کە تۆمار کراوە لە نەخۆشخانەی هیوا هەموویان تایبەت نین بە سلێمانی، بەشێكی حاڵەتی ناشێرپەنجەیە یاخود پشکنینە یان گرفتی خوێنیانە کە هەیە، کە لە خوارو ناوەڕاستی عێراقیشەوە ڕوویان لە نەخۆشخانەکە کردووە.

دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەڵێین؛ گرفتی دەرمان گرفتێکی نەبراوەیە و بەردەوامە، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەشی کەهەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەرمان هەبووە، بەڵام ئەو دەرمانانەی لە نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش بە تووشبوان دەکرێت، بێبەرامبەرن و لە هیچ سەنتەرێکی عێراق بەو جۆرە نییە. 

یاد نەقشبەندی، ڕاشیگەیاند، گرفتی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەیە هێشتا نەخۆش لە خوار و ناوەراستی عێراقەوە دێن بۆ نەخۆشخانەکە، بە بەراورد بە ساڵانی 2017 و 2018، ئەوە کاریگەری هەبووە کە کەمبێتەوە، هەروەها هێشتا پاڵپشتیی تەواوی شێرپەنجە دەکرێت، ئەو سندوقانەی کە دەبینرێن کە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجە لەگەڵ هەندێک ڕێکخراوی دیکە، بەناوی شێرپەنجەوە پارە کۆدەکەنەوە، ئێمە هیچ لێی بەرپرسیار نین.   

 
 
Fly Erbil Advertisment