سەنتەری ئەڵمانی بۆ کۆچ و تێکەڵکردنەوە لە هەولێر کرایەوە
ڕێكخراوی GIZـی ئەڵمانیا بە هاوبەشی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەنتەری ئەڵمانی بۆ کۆچ و تێکەڵکردنەوەیان لە هەولێر کردەوە.
سێشەممە 5ـی ئابی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەرک و کارەکانی سەنتەری ئەڵمانی بۆ کۆچ و تێکەڵکردنەوە گوتی:" سەنتەرەکە کار بۆ ڕێنمایی کردنی گەنجانی کوردستان دەکات کە، ئەگەر پێویستیان بە دۆزینەوەی هەلیکار هەبوو، دەتوانن ڕاوێژ لە سەنتەرەکە وەربگرن، هەروەها بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی پرۆژەی بچووک، پاڵپشتیی گەنجان دەکات.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: پرۆژەکە پشتیوانی ئەو گەنجانە دەکات کە لە ئەڵمانیا و دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە کوردستان، ئەو گەنجانەشی دەیانەوێت بۆ خوێندن و کار بچنە دەرەوەی وڵات، لەلایەن تیمی سەنتەرەکەوە ڕێنمایی دەکرێن کە بەڕێگەی قاچاغ و نا یاسایی ڕێگەکە نەگرنە بەر، بەڵکو بەڕێگەی یاسایی دەتوانن بچنە ئەڵمانیا.
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پرۆژەکە نووسینگەی لە هەولێرە، بەڵام بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک و نەینەواش کاردەکات، لە هەولێرەوە کارەکان جێبەجێ دەکرێن، هەر کەسێک لەو شارانە بیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات، لە سەنتەرەکە ڕاوێژ وەردەگرێت، کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دارایی پرۆژەکە دەکەن.