شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، گەیشتە بەغدا.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، بڕیارە ئەو شاندە هاوبەشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆببێتەوە. 

بە گوتەی سەرچاوەکەی کوردستان24، ئامانجی کۆبوونەوەکە، بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەو لیژنەیەیە کە لەسەر داهاتی نانەوتی پێکهێندراوە و دەبێت تاوەکوو ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 10ـی ئابی 2025، هەموو کارەکانیان تەواو بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 06ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمێنراو و داهاتی نانەوتی کرا. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو کۆبوونەوەیەدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانیان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە و ڕەزامەندی نیشان داوە، 80 هەزار بەرمیل وەربگرن و 50 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش بۆ پێداویستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت.

لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیش، کوردستان24 زانیویەتی، تەیف سامی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی، لەلایەن ئەو لیژنانەی کە بۆ پرسەکە پێکهێنراون بە دەستمان نەگەیشتووە تا پێشکەش بکەین" بۆیە سوودانی بڕیاری داوە ماوەی کارکردنی لیژنەکان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژبکاتەوە و دوای تەواوبوونی کارەکان، بڕیاری کۆتایی لەسەر خەرجکردنی مووچە دەدات.  

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڵام دوای هێرشە درۆنییەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.