لە ویلایەتی جۆرجیا پێنج سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون

تۆڕی هەواڵی سی ئێن، بڵاوی کردەوە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە بنکەی سەربازی فۆرت ستیوارت، لە ویلایەتی جۆرجیا پێنج سەرباز بریندار بوونە.
چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، تۆڕی هەواڵی سێ ئێن ئێن ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە بنکەی سەربازیی فۆرت ستیوارت لە ویلایەتی جۆرجیا، پێنج سەرباز بریندار بوونە و گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی بنکەکە.
دوو بەرپرسی یاسایی بنکە سەربازییەکە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاند "تەقەکەرەکە دەستگیر کراوە و ئێستا هیچ هەڕەشە و مەترسییەک لەسەر بنکەکە نەماوە."
ڕووداوەکە کاتژمێر 10 و 56 خولەکی بەیانی لە بارەگای لیوای دووی زرێپۆشی بنکەکە ڕووی داوە و پاش تەنیا 39 خولەک تەقەکەرەکە دەستگیر کراوە.
عەقید ئەنجێل تۆمکۆ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فۆرت ستیوارت، ڕووداوی تەقەکردنەکە و برینداربوونی پێنج سەربازەکەی پشتڕاست کردەوە بەڵام زانیاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.
فۆرت ستیوارت، بنکەیەکی سوپای ئەمریکایە بۆ مەشقپێکردن و ناردنی یەکە چالاک و یەدەگەکانی سوپا و لە هەمان کاتدا بنکەی تیپی 3ی پیادەیە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری ساڤانا لە جۆرجیا.
