دانیشتوانی گوێڕ-مەخموور داوای پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان دەکەن

گوێڕ-مەخموور
گوێڕ-مەخموور

رۆژی 7ـی ئابی ساڵی 2014،  چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش  لە میحوەری گوێڕ مەخموور، ھێرشیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر دەست پێکرد، دوای نزیکبوونەوەی لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە ئەمنییەکان  لەم میحوەرەوە، بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی، لە 10ـی ئابی 2014، بۆ یەکەم جار ئەفسانەی داعشیان لە عێراق و لەبری هەموو جیهان تێکشکاند، ئەمە بووە یەکەم ھەنگاوی دورخستنەوەی گرووپە تیرۆستەییەکە لە ھەرێمی کوردستان.

ھاووڵاتیانی گوێر، دوای 11 ساڵ بەسەر تێکشکاندنی داعش، داوا دەکەن ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە کە لەنێوان پێشمەرگە و هێزی سووپای عێراقدا هەیە، دەشڵین: ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە، دۆخیان ئاسایی بووەتەوە و  دەستی ئاوەدانی بۆ بردراوە.

دارا شێخانی، جووتیارێکی ناوچەی گوێڕ-مەخموورە و زەوییەکەی زۆر نزیکە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە،بەھۆی متمانەی بەھێزەکانی پێشمەرگە، بەبێ ترس و دوودڵی کاری خۆی دەکات.

لە کاتێکدا بوشایەکی ئەمنی زۆر لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا ھەیە، زۆر جار جموجوڵی چەکدارای داعش لە ناوچەکە ھەیە.

دارا شێخانی بۆ کوردستان24 گوتی:  داعش وەکو پێشوو نەماوە، بەڵام جار جارە جموجۆڵ دەکات پرۆپاگەندە بۆخۆشیان دەکەن، دەڵێت: پێشمەرگە کامێرای پێشکەوتوویان هەیە، هەر جووڵەیەک هەبێت لەناوچەکە، پێی دەزانن، گوتی: ژمارەی تەلەفۆنی ئێمە لای فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەیە و ئێمەش ژمارەی ئەوانمان لایە، بۆ هەماهەنگیی، پەیوەندیی بە یەکترەوە دەکەین لەهەر کێشەیەک لە ناوچەکەدا.

گرووپی تیرۆریستی داعش لە کاتێکدا هاتنە ناوچەکە، چەک و پێداویستی سەربازیی پێشکەوتوویان لە موسڵ دەستکەوتبوو، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی سووپای عێراق چەکی قورس و سووکیان دوای هەڵاتنی خۆیان جێ هێشتبوو لە هێرشی داعشدا، دەشڵێت: بە ئیرادەی پێشمەرگە و بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی،  ئەفسانەی داعش لە گوێڕ-مەخموور تێکشکێندرا.

ھەر خێزانێکی سنووری گوێر، یادگاری تاڵ و ناخۆشیان لەگەڵ داعشدا ھەیە، ئەگەر زیانی گیانیشیان نەبێت، ھەمووان زیانی ماددیان ھەبووە، بۆشایی ئەمنیش، جێگەی ترس و دڵەڕواکێی هەندێکیانە.

یاسین حەمەدەمین، ھاووڵاتی ناوچەکە بۆ کوردستان24 گێڕایەوە گوتی: ژمارەیک مەڕو ماڵاتی کەسێکم لابوو، بەوە ڕاگەیشتم، ئەو مەڕو ماڵاتە ڕزگاربکەم و بیانگەیەنمە زوورگێک، خێزان و منداڵەکانیش بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕۆیشتن.

 جەمیل مەجید ھاووڵاتییەکی دیکەیە و ڕۆژی هێرشەکەی داعشی بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و گوتی: ئەگەر ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ نەکرێتەوە، داعش مەترسیی بۆسەر ئێمە لە ناوچەکە دروست دەکات،  دەڵێت: ئەوانەی کورد نین، هاوکاریی چەکدارانی داعش دەکەن و زیانمان پێ دەگەیەنن.