گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ئامێدی دۆزرایەوە
لە گوندی مێرگەتی سەر بە قەزای ئامێدی، گۆڕێکی بەکۆمەڵی شەهیدانی ئەنفالکراو هەڵدراوەتەوە، بڕیارە ڕووفاتەکان بگوازرێنەوە مۆنۆمێنتێک.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕەکە، ڕووفاتی 7 ئەنفالکراوی تێدایە کە پیاوانی گوندی مێرگەتی بوونە و جل و بەرگی کوردییان پۆشیووە ئەو کاتەی شەهید کراون، لەسەر داخوازیی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، مۆنۆمێنتێکیان بۆ دروست دەکرێت.
ئارام نوری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ڕاگەیاند: ساڵی 1988 لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالی کورد بەدەستی ڕژێمی بەعس، ئەو 7 کەسەی ئێستا ڕووفاتەکەیان دۆزراوەتەوە، لە چۆڵایی گولـلە باران کراون و دواتر ژێر خۆڵکراون.
دەڵێت: کارەکانمان بە دوو قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەمیان هەڵگرتنەوەی ڕووفاتەکانە، دواتر دەگوازرێنەوە دادپزیشکی پارێزگای دهۆک، لەوێ نموونەی DNA لە ڕووفاتەکان وەردەگیرێت، دواتر دەگوازرێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی بە خاک بسپێردرێنەوە.
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەڵێت: لە قۆناغی دووەمدا مۆنۆمێنتێک لە گوندەکەی خۆیان دروست دەکەین کە گوزارشت لە ئەنفالکردنی خەڵکی سنوورەکە بکات.
ئاماژە بەوەشدەکات، ڕووفاتەکان جل و بەرگی کوردییان لەبەرە و بەلای خەڵکی ناوچەکە ناسراون، سەرجەمیان پیاوان، دەشڵێت: وەکو حکوومەت لەسەر هێڵێن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا، تەواوی ڕووفاتی ئەنفالکراوانی کوردستان بگەڕێنینەوە.
شیمال مێرگەتی خەڵکی گوندی مێرگەت بۆ کوردستان24 گوتی: دوو ئامۆزای من لەنێو ڕووفاتەکاندان، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە داخوازیی ئێمەی جێبەجێ کرد بە دروستکردنی مۆنۆمێنتێک بۆ ئەنفالکراوانی ناوچەکە.
حەربیا ڕەسوڵیش گوتی: ئێمەیان ڕاگواستەوە بۆ بەحرکە و پیاوەکانیان لە ئێمە جیا کردەوە، دواتر زانیمان پیاو و خزم و کەسانی ئێمەیان گوللە باران کردووە.
دەلیلا حەسەن، ئافرەتێکی دیکە بوو کە ڕووفاتی کەسوکاری لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا بوو، بۆ کوردستان24 گوتی: ڕووفاتی باوکی منداڵەکانم لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدایە، لەگەڵ ڕووفاتی دوو مامم و خاڵێکم، ئەوانی دیکەش ئامۆزامن.
پێشتر، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان ڕایگەیاندبوو، زەرەر و زیانەکانی جینۆساید خەمڵێندراون و بە ئاماری دروستەوە بە حکوومەتی عێراق دراون، ژمارەی قوربانییان زیاتر لە 215 هەزار کەسن.