وردەکارییەکانی پلانی داگیرکردنی غەززە

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بەشێک لە وردەکارییەکانی پلانێکی سەربازیی بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە ئاشکرا کرد کە بڕیارە کابینەی حکوومەتی ئیسرائیل تاوتوێی بکات، لە کاتێکدا سەدان سەرکردەی پێشوو و ئیال زامیر، سوپاسالاری ئێستای ئیسرائیل دژی ئەو پلانەن.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاب 2025، ئەنجوومەنی وزاریی ئاسایشی بچووککراوە (کابینت) بۆ تاوتوێکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە، کۆببێتەوە. لە کاتێکدا ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل دژایەتیی دەکات و بە 'تەڵەیەکی ستراتیجی' وەسفی دەکات.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی گوتی: چاودێریی سەربازیی ئیسرائیل ڕێگەی داوە بە بڵاوکردنەوەی وردەکاریی زیاتر دەربارەی یەکێک لەو پلانە سەربازییانەی کە ئەنجوومەنی وەزاریی بچووککراوە (کابینت) ئەمڕۆ سەبارەت بە غەززە تاوتوێی دەکات.
کەناڵەکە گوتی: باس لەوە دەکرێت کە پلانەکە بریتییبێت لە مانۆرێکی زەمینی بەرفراوان و بەپێی خەمڵاندنی داڕێژەرانی پلانەکە، لە نێوان 4 بۆ 5 مانگ دەخایەنێت و لەلایەن 4 یان 6 تیپی سەربازییەوە جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها باسی لە دوو ئامانجی سەرەکیی پلانەکە کردووە، یەکەمیان پەیوەندیی بە داگیرکردنی شاری غەززە و کەمپەکانی ناوەڕاستی کەرتەکەوە هەیە، دووەمیشیان بریتییە لە کۆچپێکردنی دانیشتووان، یان ئەوەی بە "ناچارکردنی دانیشتووانی کەرتەکە بۆ کۆچ بەرەو باشوور" ناوی بردووە، بە ئامانجی دەرکردنیان لە کەرتەکە.
ناکۆکی و هۆشدارییەکان؛
پلانەکە ناکۆکیی لەنێوان دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیلدا دروست کردووە، کەناڵەکە ئاماژەی بەوە دا "وەزیری دەرەوە گیدۆن ساعر و سەرۆکی حزبی ئاینیی شاس، ئاریێ دەرعی، پشتگیریی لە هەڵوێستی سوپاسالار ئیال زامیر دەکەن و فراوانکردنی شەڕ لە غەززە ڕەت دەکەنەوە."
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی یسرائیل هیۆم، لە زاری سەرچاوەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە چاوەڕوان دەکرێت سوپاسالار، ئەمڕۆ مەترسییەکانی داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززە بۆ حکوومەت ڕوون بکاتەوە.
پێشتر، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردبووەوە کە ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریی پڕ لە گرژیدا، ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توندی زامیر بووەتەوە سەبارەت بە پێشنیازی دەستبەسەرداگرتنی گشتگیرانەی کەرتی غەززە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردبوو، زامیر، هۆشداریی داوەتە ناتانیاهۆ و گوتوویەتی "ئەم هەنگاوە لەوانەیە سوپا بخاتە تەڵەی ناوچەیەکەوە کە دوو دەیە لەمەوبەر لێی کشاوەتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری سەرباز و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتە ئیسرائیلییەکان".
لەم چوارچێوەیەدا، سەدان سەرکردەی ئەمنیی و دیپلۆماتکاری پێشووی ئیسرائیلی هۆشدارییان داوە لە داگیرکردنی کەرتی غەززە و بە حوکمی لەسێدارەدان بۆ دیلەکان و هەنگاوێک بۆ ڕاکێشانی تەلئەبیب بۆ ناو کارەساتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لە قەڵەم داوە.
بزووتنەوەی "سەرکردەکان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل"، کە زیاتر لە 550 بەرپرسی پێشووی دەزگا ئەمنییەکان و دیپلۆماتکارانی پێشووی تێدایە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە،6ـی ئابی 2025، ڕاگەیەنراوێکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە. تێیدا هاتووە "هۆشداری دەدەینە سەرۆک وەزیران و حکوومەتەکەی لە گرتنەبەری بڕیارێکی نابەرپرسانە بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە، کە پێچەوانەی ڕاسپاردە پیشەییەکانی سوپاسالار و هەڵوێستی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئیسرائیلە."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروا هاتووە "داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتەکە، تەنانەت ئەگەر مومکینیش بێت، لەوانەیە وەک حوکمی لەسێدارەدان بێت بۆ ڕفێنراوەکان، ژیانی سەربازان بخاتە مەترسییەوە و ئیسرائیل بەرەو کارەساتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕابکێشێت."
ئەو بزووتنەوەیە، کە سەرۆکانی پێشووی سوپا، مۆساد، ئاسایشی گشتی (شاباک)، پۆلیس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی دەرەوە لەخۆ دەگرێت، پێی وایە جێگرەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ داگیرکردنی غەززە هەیە، بەڵام حکوومەت ڕەتی دەکاتەوە گفتوگۆیان لەسەر بکات.
بزووتنەوەکە، داوای لە حکوومەتی ئیسرائیل کرد ئاراستە بگۆڕێت و ڕفێنراوەکان بگەڕێنێتەوە، شەڕ ڕابگرێت، جێگرەوەیەکی دەسەڵاتداریی بۆ حەماس بە ڕۆحی دەستپێشخەریی میسریی بدۆزێتەوە، بچێتە ناو هاوپەیمانییەکی هەرێمی و خۆی بۆ ئاستەنگی سەرەکی ئامادە بکات کە بریتییە لە شەڕی دووەم لەگەڵ ئێران.
ڕەتکردنەوەی ئەمەریکا و هۆشداریی فەرەنسا؛
بەرانبەر بەم جووڵە ئیسرائیلییە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ پشتگیریی لە لکاندنی بەشێک لە غەززە بە ئیسرائیلەوە ناکات، کە ئەمەش یەکێکی ترە لەو ئەگەرانەی بەرپرسانی ئیسرائیل گفتوگۆیان لەسەر کردووە.
هەروەها باڵیۆزی فەرەنسا لە ئیسرائیل، فرێدریک جۆرنیس، هۆشداریی داوە لە داگیرکردنی کەرتی غەززە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بە واتای شەڕێکی بێکۆتایی دێت.
باڵیۆزی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی گوتی: "ئێمە لەسەر دووڕیانێکداین، ئەنجوومەنی وەزاریی بچووککراوەی ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە بژاردە بەردەستەکان دەکات، و بۆ من گرنگە بڵێم کە بژاردەی دیکەش هەن بۆ ڕزگاربوون لە حەماس و بەدەستهێنانی ئاسایش بۆ ئیسرائیل، جگە لە شەڕێکی بێکۆتایی."