لە بابل نەبوونی ئەمبوڵانس گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە

فریاگوزاری سەرەتایی یەکێکە لە کێشەکانی پارێزگای بابل، خەڵکی پارێزگاکە نیگەرانن کە تائێستا فریاگوزاری سەرەتایی لەو پاریزگایە وەکو پێویست نییە، بە جۆرێک پارێزگاکە لە ڕووی فریاگوزاری سەرەتایی پێویستی بە 230 ئەمبوڵانسە، بەڵام ئێستا تەنیا 91 ئەمبوڵانس هەن.
فریاگوزاری سەرەتایی لە بابل هێڵی یەکەمی بەرگرییە، بەڵام کەمیکردووە و کۆن بووە. بابل یەکێكە لەو پارێزگا عێراقییانەی لەڕووی ژمارەی دانیشتووان و جوگرافیاوە گرنگە، هۆبەی فریاگوزاری سەرەتایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کۆسپێکی مەترسیداری بۆ دروست بووە، ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس زۆر کەمە و ژمارەکەی لە 93 ئۆتۆمبێل تێناپەڕێنێت، بەڵام بابل پێویستی بە 230 ئەمبوڵانسە.
ماجد عەلی، بەڕێوبەری بەشی نەشتەرگەری لە تەندروستیی بابل بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆبەی فریاگوزاری سەرەتایی بەدەست کەمییەکی زۆر لە ژمارەی ئەمبوڵانسەکان گرفتارە، لە ڕاستیدا 91 ئەمبوڵانسمان هەیە، لە کاتێکدا میلاکی پارێزگاکەمان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانیشی دەبێت ژمارەی ئەمبوڵانسەکان 230 ئۆتۆمبێل بێت، جگە لەوەش ئەو ئەمبوڵانسانەی ئێستا بوونیان هەیە مۆدێلەکەیان کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 بۆ 2008، ئەم ڕاستییەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جۆری خزمەتگوزاری پێشکەشکراو بە هاووڵاتی دروست دەکات.
عەلی نەجم، هاووڵات دەڵێت: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە تەندروستی بابلن کۆن بوونە، وەك ئەمبوڵانسی وڵاتانی دیکە بۆ حاڵەتی مەترسیدار توانا و مواسەفاتی نوێیان نییە."
جیهاد عەواد، هاووڵاتییەکی دەڵێت: ئەمبوڵانسەکان چەندان کۆسپێکیان بۆ دروست بووە، یەکێك لەوان خێراگەیشتنە بە حاڵەتە مەترسیدارەکان.
ئەم ڕاستییە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، پرسیاری جددیش بۆ کاری لەپێشینەی خەرجییەکان و پاڵپشتی تەندروستیی دروست دەکات، کە پێویستی بە پشتیوانی بەپەلەی حکوومەت و پلانی ستراتیژییە، تا ژمارەی ئەمبوڵانسەکان بەگوێرەی پێویست دابین بکات.