ئیحسان عەبدولڕەحمان : لە سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ماددەی هۆشبەر 278 کەس چاکبوونەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی  چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:" لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، لە سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ماددەی هۆشبەر 278 کەس چاکبوونەتەوە، لەنێویاندا 124 ئافرەت و منداڵ هەن"
ڕۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: شیاندنەوە لە چاکسازییەکان بەردەوامە، هەر شەش سەنتەرەکە کارەکانیان بە بەردەوامی دەکەن و سوودێکی زۆریان  گەیاندووە بەو کەسانەی تووشبووی ماددەی هۆشبەرن و لەسەر ئەم پرسە دەستگیرکراون،هەروەها ساڵی رابردوو 521 کەس لە بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر چارەسەریان وەرگرتووە وچاکبوونەتەوە و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 278 کەس چاکبوونەتەوە.
گوتیشی: تاوەکو نیوەی ئەمساڵ پێنج هەزار و 824 کەس بەهۆی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لە نێویاندا 628 کەسیان ئافرەت و منداڵن، دەشڵێت.
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون و لەسەنتەرەکانی شیاندنەوە چاکبوونەتەوە ڕایگەیاند:  لە چاکسازی گەورەی سلێمانی 52 کەس، هەولێر 60 کەس، لە دهۆکیش 42 کەس چاکبوونەتەوە، هاوکات لە هەرسێ پارێزگاکە 124 ئافرەت و منداڵ لە سەنتەرەکانی شیاندنەوە چاکبوونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئاماری ساڵی2024 ، لە کۆی هەزار و 636 کەس، کە بەتاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن دەستگیرکراون،  916یـان بازرگان و 720یـان بەکارهێنەر بوون، 521 کەسیان لە سەنتەرەکانی شیاندنەوە چارەسەریان وەرگرتووە چاکبوونەتەوە.