یەکشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تاوتوێی ڕاپۆرتی شاندی حکوومەتی هەرێم دەکات
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات و، بڕیار لەسەر پرسی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات .
پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: کۆبوونەوەکانی شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی فیدراڵی کۆتایی هاتن، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە بارەی داهاتی نانەوتی نەکراوە و شاندەکەی هەرێم گەڕایەوە هەولێر.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی عێراق، گوتوێتی، بە پێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی، ئامادەین 50%ـی داهاتی فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ بەغدا بنێرێن، بەڵام شاندی عێراق داوای 50%ـی تەواوی داهاتی نانەوتی هەرێمی کردووە.
بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، شاندی عێراق لە بارەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کردووە، کە بانکی ڕافیدەین دۆسیەی مووچەخۆرانی پرۆژەی هەژماری من وەربگرێت، واتا بانکی ڕافیدەین مانگانە مووچەی مووچەخۆران بۆ بانکەکانی بەشداربوو لە پرۆژەی هەژماری من بنێرێت.
دیلان بارزان، ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو شاندی هەرێمی کودستان و عێراق، بە جیا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە و ڕاپۆرتەکان دەدرێن بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، هەروەها ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەردوو ڕاپۆرتکە دەهێنرێنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
کوردستان24 زانیویەتی، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لە بارەی هەردوو ڕاپۆرتی شاندەکانی هەرێم و عێراق دەکرێت، ئەگەر سوودانی ڕەزامەندیی لەسەر بدات، ئەوا هەر هەمان ڕۆژ بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، دیلان بارزان، گوتی: سەرباری لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.
گوتیشی: سوودانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر کارکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، کە پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ لەسەری ڕێککەوتبوون، بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بە نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
