ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل بڕیاری داگیرکردنی غەززەی پەسەند کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025،  نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرەڕای دژایەتیی کردنی سەرکردایەتی سەربازیی، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" و ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویان کردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کردووە.

میدیاکان ڕایانگەیاندووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل، پێشنیازی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ شکستپێهێنانی حەماس پەسەند کرد و دەڵێت:  سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە ئامادە دەکات، لە هەمان کاتدا هاوکاری مرۆیی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ پێشکەش بە خەڵکیی دەکات.

لای خۆیەوە باراک ڕەڤید، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس، لە پلاتفۆرمی ئێکس، بە پشتبەستن بە زانیاری و قسەکانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ناوی بڵاونەکراوەتەوە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا سەرنجی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ڕاکێشاوە لەبارەی، پێشنیازی ناتانیاهۆی بۆ داگیرکردنی غەززە.

دوای ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل داویەتی، بنەماڵەی ئەو بارمتانەی هێشتا لەدەستی حەماسدا ماون، ترسیان هەیە لەوەی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕۆڵەکانیان کە هێشتا لە دەستی حەماسدا وەک بارمتە ماون، بکوژرێن، بۆیە  دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ڕژانە سەر شەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.

بەرپرسانی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشن، چونکە پلانەکە سوودێکی کەمی سەربازیی دەبێت، زیاتر زیان بە بارمتەکان دەگەیەنێت.

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ناڕەزایی بەرانبەر پلانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ نیشانداوە و دەڵێت: ڕەنگە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دوو ساڵ بخایەنێت و سەربازەکانیان ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە، سەرباری ئەوەی ژیانی بارمتەکان دەکەوێتە ژێر مەترسیی گەورە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای  ئیسرائیل ڕایگەیاند،  پێداگریی لە هەڵوێستی خۆی دەکات دژ بە پلانەکەی ناتانیاهۆ.

پێنجشه‌ممه‌، 7ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ـی ئه‌مه‌ریكی پێداگری خۆی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌رتی غه‌ززه‌ دووپات كرده‌وه‌، گوتوویه‌تی، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی، به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رته‌كه‌ به‌ هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان ده‌سپێرن.

بنیامین ناتانیاهۆ جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، نیازیان وایه‌ كۆنترۆڵی زنجیره‌ی بیابانی بكه‌ن كه‌ درێژییه‌كه‌ی 42 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، ده‌شڵێت، مه‌به‌ستیانه‌ پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ درێژایی ئه‌و 42 کیلۆمەترە دروست بكه‌ن، به‌ڵام نایانه‌وێت به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن.