لیژنەیەكی پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە سوتانی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە دەكات

لە ماوەی مانگێكدا چوار جار ئاگر لەو شوێنە كەوتووەتەوە

K24 – سلێمانی

پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی پێكھێناوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە سوتانی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە بكەن.

دالیا كەمال پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەو لیژنەیەی پەرلەمان كە بۆ لێكۆڵینەوە لە سوتانی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە پێكھێنراوە، ئەمڕۆ سەردانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان كردووە، دەیانەوێت لێكۆڵینەوەی ورد لە ھۆكاری سوتانی ئەو دارسنەوبەرانە بكەن، كە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا".

جەلال محەمەدئەمین، ئەندامی لیژنەی پەرلەمان بۆ لێكۆڵینەوە لە سوتانی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە بە كوردستان24ـی گوت: "دوای سوتانی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە مەبەست لێی ئەوەیە كە ئەو شوێنە بۆ پڕۆژەی بازرگانی بەكاردەھێندرێت، بۆیە لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكھێنرا و سەردانی پارێزگاری سلێمانیمان كرد و ئەوانیش لیژنەیەكیان پێكھێناوە، بەڵام تائێستا ھۆكاری سوتاندنی ئەو دارسنەوبەرانە روون نەبووەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، لە ماوەی مانگێكدا چوار جار ئاگر لە دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە كەوتووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment