ئەڵمانیا بڕیاریدا ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت

فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەڵمانیا ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئیسرائیل  ڕادەگرێت کە دەکرێت لە شەڕی غەززەدا بەکاری بێنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر پلانی وڵاتەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتی "تادێت قورستر دەبێت" لەوەی  تێبگەین پلانی سوپای ئیسرائیل چۆن  هاوکار و  یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان، ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم هەلومەرجەدا، حکوومەتی ئەڵمانیا ڕێگە بە ناردنی هیچ جۆرە چەک و  کەرەستەیەکی سەربازی نادات کە یارمەتیدەر بێت لە کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت.

ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانیان پەسەند کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کەناڵی فۆکس نیوز پەخشکرا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیازی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەربازیی تەواوی کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل نایەوێت کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بکات، بەڵکو دەیەوێت " کۆتایی بە حەماس بێنێت.

دوای ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل داویەتی، بنەماڵەی ئەو بارمتانەی هێشتا لەدەستی حەماسدا ماون، ترسیان هەیە لەوەی لە ئەنجامی هێرشەکانیت ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕۆڵەکانیان کە هێشتا لە دەستی حەماسدا وەک بارمتە ماون، بکوژرێن، بۆیە بنەماڵەی بارمتەکان دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ڕۆژانە سەر شەقام و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.

بەرپرسانی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشن، چونکە پلانەکە تەنیا سوودێکی کەمی سەربازیی دەبێت، بەڵكو زیاتر زیان بە بارمتەکان دەگەیەنێت.