کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە باکووری سووریا داوای سیستەمی لامەرکەزی دەکات
ولە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" کە لە شاری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسی نوێ کرا کە گەرەنتی فرەیی و بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات، هەروەها سیستەمێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت کە ڕێز لە کولتووری و جوگرافیای پێکهاتەکان بگرێت.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025، بەشداربووانی کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە شاری حەسەکە جەختیان لەوە کردەوە، فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێنەرایەتی "سەرچاوەی هێز و سامانە، نەوەک هەڕەشە"، داوای پێداچوونەوەیان بە دەستووری ئێستا وڵاتەکە کرد، کە پێیان وایە "ئاواتی سوورییەکان بۆ ئازادی و شکۆمەندی ناهێنێتە دی.
لە بەیاننامەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێکهاتە ناوخۆییەکانی سووریا "لە سایەی ڕژێمە مەرکەزییەکاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەد دا، دەیان ساڵە تووشی پەراوێزخستن و وەدەرنان بوونەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارانەی لە دژی دانیشتووانی کەناراوەکان و سوەیدا و مەسیحییەکان ڕوودەدەن، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە".
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کۆنفرانسی "یەکگرتوویی کورد" دووپاتکردەوە، وەک هەنگاوێک بەرەو کۆدەنگیی هەمەلایەنەی نیشتمانی.
کۆنفرانسەکە بە بەشداریی بەرفراوانی سەرۆکی عەشیرەتەکانی عەرەب و نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و کەسایەتییە ئاینییەکان بەڕێوەچوو، لەوانە غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوییەکان لە سووریا و دەرەوە، کە داوای "دەوڵەتێکی مەدەنی، عەلمانی، فرەیی و لامەرکەزی" کرد، بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمێکی لامەرکەزی کە بە "تاکە چارەسەر بۆ داهاتوویەکی پڕ لە ئاسایش و دادپەروەری کرد".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو بەڵگەنامەیەی لە کۆنفرانسەکە دەرچووە، گوزارشت لە "ئیرادەیەکی ئازاد و هۆشیارییەکی هاوبەشی بەکۆمەڵ دەکات بۆ بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو، دیموکراسی، لامەرکەزی، کە دەوڵەتی یاسا زاڵە و کەرامەتی مرۆڤایەتی تێدا پارێزراوە".