کەنەدا بە ملیاران دۆلار پشتیوانیی ئامانجە سەربازییەکانی ناتۆ دەکات
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاشکرای کرد، پشتیوانی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خەرجییە سەربازییەکان بە ملیاران دۆلار دەکات، دووپاتی کردەوە ئەم هەنگاوەی حکوومەتەکەی، لەپێناو سەرخستنی ئامانجەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ)ـیە کە ڕێژەی سەدا 2ـی خەرجییە سەربازییەکان ئەمساڵ بەرز دەکاتەوە.
دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا چەندین جار هۆشداری داوە لەوەی، سوپای کەنەدا ئامادەیی ئەوەی نییە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە بێتەوە کە ڕوو لە وڵاتەکەیان دەکات.
ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا و پێشێلکردنی سەروەری کەنەدا لە جەمسەری باکوور کرد، سەرباری ئەو نا ڕۆشنییەی لە ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە لە ئاسایشی جیهاندا.
کارنی ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیدا گوتی: سیستەمی نێودەوڵەتی کە دوای جەنگی جیهانی دووەم بنیات نراوە و لە دوای جەنگی سارد جارێکی دیکە دروست کراوەتەوە، دووچاری فشاری زۆر بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەیەکی زۆرە ئاسایشی کەنەدا بە پرسێکی ئاسایی وەرگرتووە".
کارنی دوو ملیار دۆلاری بۆ مووچەی سەربازانی کەنەدا زیادکرد، لەنێویاندا زیادکردنی سەدا 20ـی مووچەی کەمترین پلەی سەربازیی سوپای وڵاتەکەی.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕوونیشی کردەوە، ئەم بودجەیە، بەشێکە لە وەبەرهێنانی سەربازیی ئەمساڵ بە بەهای 9 ملیار دۆلار، دەشڵێت: ئەم بودجەیە بۆ دابینکردنی ئۆتۆمبێلی سەربازیی و فڕۆکە و درۆن و کەرەستەکانی دیکەی سەربازیی خەرج کراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد پابەندبن بە خەرجکردنی سەدا 5ـی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ هێزەکانی بەرگری، هۆشداریشیدا لەوەی، ئەمریکا ڕەنگە پارێزگاری لەو وڵاتانە نەکات کە بودجەی پێویست بۆ سیستەمی سەربازییان خەرج ناکەن.