عەلەوییەکانی سووریا داوای سیستەمی لا مەرکەزی دەکەن
غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا، داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی، عیلمانی، فرەیی و لا مەرکەزیی دەکات، دەڵێت: ئەمە نموونەیەکە دەتوانێت ببێت بە چارەسەری کێشەکان و گرەنتی ئایندەیەکی سەقامگیر و دادپەروەر بۆ هەموو سوورییەکان.
لە گوتارێکدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسدا لە کۆنگرەی یەکێتی پێکهاتەکان لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەشی کرد، گوتی:" داوای دەوڵەتی ئایینی ناکەین، بەڵکو داوای دەوڵەتێک دەکەین تێیدا شکۆی هەمووان پارێزراو بێت، چارەسەریی کێشەکان پشت بە مافەکان ببەستێت، نەوەک دەسەڵات.
غەزال غەزال دەڵێت: سووریا لە مێژووی نوێی خۆیدا، بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، داوای لە لایەنەکان کرد یەکڕیزی بپارێزن و گوتاریان یەک بخەن و دژ بە گوتاری ڕک و کینە و جیاوازی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و گوتاری کوفر بووەستنەوە، ئاماژەی بە دیمەنی تاوانەکان کرد کە دژ بە پێکهاتەکان لە سووریا ئەنجامدراوە لە سەردەمی حکوومڕانی نوێدا لە سوەیدا.
گوتی: سیستەمی لامەرکەزی یاخود فیدراڵی، گرەنتی ڕاستەقینەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووری نوێی سووریادا، دووپاتی کردەوە کە پێویستە کوشتن لە سووریا کۆتایی پێ بێت و پرۆسەی ئاشتەوایی دەست پێ بکات، متمانە بگەڕێتەوە و ململانێکان بگۆڕدرێن بە سەرچاوەی هێز نەوەک ئاڵۆزیی.
هەینی 8ـی ئابی 2025، بەشداربووانی کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان" لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان جەختیان لەوە کردەوە، فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێنەرایەتی "سەرچاوەی هێز و سامانە، نەوەک هەڕەشە"، داوای پێداچوونەوەیان بە دەستووری ئێستا وڵاتەکە کرد، کە پێیان وایە "ئاواتی سوورییەکان بۆ ئازادی و شکۆمەندی ناهێنێتە دی.