جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز: پێویستیمان بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا هەیە

ئەو وادەیەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیاریکرابوو کۆتایهات، بەبێ ئەوەی نەوت هەناردە بکرێتەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانیش دەڵێت "پێویستیمان بەوەیە نەوتی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا بکەین."

ڕۆژی چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یان سبەی دەست بە بە وەرگرتنی 80 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لە ڕێگەی کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەین." 

ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئابی 2025، زیاتر لە 48 کاتژمێر بەسەر ئەو وادەیەی وەزیری نەوتی عێراقدا تێدەپەڕێت کە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دیاری کردبوو، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە نەوتێکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای 'سۆمۆ'وە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرابێت. 

کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووە، گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت تەواو کردووە و چاوەڕێی وەرگرتنی بری نەوتی بەرهەمهاتوون لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو دەست بە هەناردەکردنەوەی بکەن بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک دیاری بکات.

لەوبارەوە عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات "ماوەیەکی زۆرە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە ڕاگیراوە و عێراق ئەو بڕە نەوتەی، لە کێڵگەکانی بەسرە پڕکردووەتەوە. بە بڕوای من لەم قۆناغەدا هەردوولا (هەولێر و بەغدا) لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێک دەکەون."

بەهۆی زۆری کرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت ئەو 80 هەزار بەرمیل نەوتەی بڕیارە لە هەرێمی کوردستانی وەربگرێت، بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبهێنێت. لە بەرانبەردا، بڕی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە زیاتر دەکات. گرفتێک کە ئێستا عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە، نوێنەکردنەوەی گرێبەستی بۆری نەوتی جیهانە لە لایەن تورکیاوە. عیراق دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت گرێبەستەکە نوێ بکاتەوە تاوەکوو نەوتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە نەوتی کەرکووک لەو ڕێگەیەوە، بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.

عەدنان جابری،  جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئێمە پێویستمان بە هەناردەکردنی نەوتی (کوردستانە) بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا لە ڕێگەی بەندەری جەیهان. وڵاتانی ئەورووپا ناتوانن نەوتی عێراق لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداو و بەندەری بەسرە بەهۆی دووری نێوان وڵاتان، وەربگرن. بەندەری جیهان، نزیکترین جێگەیە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بۆیە عیراق نایەوێت کڕیارە ئەورووپییەکانی لەدەست بدات."

ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکاتەوە، لە تەمووزی ساڵی داهاتوو  گرێبەستی نێوان عیراق و تورکیا کۆتایی دێت و بۆ بەردەوامیدان بەهەناردەکردنەوەی نەوت، پێویستە هەردوولا گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکەن.